نامەی فریدا بۆ دییگوی هاوسەری

ئازیزی من دییگۆ

بەر لە چوونە ژووری نەشتەرگەری، لە ژوورەكەم لە نەخۆشخانە ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم، داوا دەكەن دەست و برد بكەم بەڵام من سورم لەسەر تەواوكردنی ئەم نامەیە، چونكە نامەوێ‌ هیچ شتێك بە نیوەناچڵی جێبهێڵم. بەتایبەتی ئێستا كە بۆم دەركەوت نیازی چییان هەیە، دەیانەوێ‌ ئەزیەتی غڕورم بدەن بە بڕینەوەی قاچم، پێیان وتوم بڕینەوەكە شتێكی پێویستە، لەگەڵ ئەوەشدا بە پێچەوانەی چاوەڕوانی هەمووانەوە هەواڵی بڕینەوەكە هیچ كاری تێنەكردووم، چونكە من دوای لە دەستدانی تۆ، خۆم ژنێكی كەم ئەندامم بەڵام هێشتا دەژیم.
من لە ئازار ناترسم و تۆش ئەمە دەزانی، ئازار هەمیشە پارچەیەك بووە لە بوونم، دانی پیادەنێم كە تۆ ناپاكیت لەگەڵ كردم زۆرم ئازار چەشت، هەموو جار كە خیانەتت لەگەڵ دەكردم من ئازار دەیخواردم، تەنیا ئەو جارەش نا كەلەگەڵ خوشكەكەمدا ناپاكیت لێكردم، بەڵكو لەگەڵ هەموو ئەو ژنانەی كە لەگەڵت بوون.
لە خۆم دەپرسم چون هەڵیاندەخڵەتێنی؟ تۆ پێت وایە من توڕەم بەهۆی كرستیناوە ( خوشكەكەی)، دانی پیادەنێم بەهۆی ئەوەوە نییە كە توڕەم، بەڵكو توڕەم لەخۆم و لەتۆ، یەكەمجار لەخۆم توڕەم چونكە هیچ كات نەمزانی تۆ چیت دەوێ‌ لە ژنەكانی دی، ئەو شتە چییە ئەوان دەتوانن بەتۆی ببەخشن و من نا؟ با خۆمان هەڵنەخڵەتێنین ئازیزی من دییگۆ، هەموو ئەو شتانەم بەتۆ بەخشی كە مرۆڤ دەتوانێت بیبەخشێ‌، هەردووكمان ئەوە دەزانین كە راستییەكان دەڵێم.
بۆ خاتری دۆزەح چۆن توانیت ئەو هەموو ژنە بێنتە ژێر بار كە تۆ تەنیا بەچكە سۆزانییەكی زۆر ناشرینی؟!
هۆكاری نووسینی ئەم نامەیەم بۆتۆ تەنیا بەهۆی تاوانباركردنی تۆوە نییە بە شتێك، بەڵكو بەهۆی بڕینەوەی قاچمە( بەنەفرەت بێ‌ ئەم قاچە دواجار ئەوەی دەستدەكەوێت كە دەیویست)، لەسەرتای پەیوەندییەكەماندا بەتۆم گووت كەمن كەسێكی كامل نیم، بەڵام بۆ؟ بۆخاتری دۆزەخ بۆ دەبێت هەموو كەسێك بەمە بزانێت؟دواجار هەمووان بێ‌ توانایی من دەبینن، من خۆم پێت دەڵێم كە قاچێكم لەدەست دەدەم بەر لەوەی تۆ لە سەرچاوە زۆرەكانی هەواڵەكانت بیزانی، بمبوورە كە نەهاتم لەماڵەوە بەتۆی بڵێم، بەهۆی باری تەندروستیم و بێ تواناییم لە جێهَشتنی ئەم ژوورە تەنانەت ناتوانم تا سەرئاوەكەش بچم، بەڕاستی توانام نییە، هۆكاری ئەم قسانەشم ئەوە نییە تۆ یان هەركەسێكی دی بەزەیی بەمندا بێتەوە، ناشمەوێ‌ هەست بە تاوان بكەی.
ئەمڕۆ بۆتۆم نووسی تاكو پێت بڵێم من تۆ ئازاد دەكەم، وەك قاچم تۆش دەبڕمەوە، ئاسوودە بەو ئیتر بۆمن مەگەڕێ‌.نە دەمەوێ‌ هەواڵم بپرسیت و نەدەمەوێ‌ هەواڵت بزانم، تاكە شت كە بمەوێ‌ بەر لەمردنم چێژم بداتێ‌ نەبینینەوەی رووخسارە نابووتە نەفرەتییكەتە كە لەناو باخچەكەم بێت وبچێ‌.
ئێستا ئەمە هەموو شتێكە، ئیتر دەتوانی بە ئارامی قاچم ببڕمەوە، ماڵئاوا لە كەسێكەوە كە شێتانە خۆشیدەوێی

ئازیزی تۆ فریدا

دەقی ئەو نامەیەیی فریدای شێوەكار، بەرلە بڕینەوەی قاچی بۆ دییگۆ ڕێڤیرای هاوسەری نارد،، كە بەیەكێك لە بەناوبانگترین نامەكانی جیاوونەوەی نێوان ناوداران دادەنرێت بەهۆی ئەو هەستە راستگۆیانەی كە فریدا دەری بڕیوە كە تێكەڵەیە لە رق و هەڵچوون و خۆشەویستی
مەكسیك 1953
وەرگێڕانی بۆ كوردی: هێرۆ كوردە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *