کاتێک لە پاییزدا وندەبیت

گەر لە پاییزدا لە نێوان دوو پاساریدا ونبوویت…
تۆ كە ھەموو دڵت پرشنگی كریستاڵە، كاتێك لە نێوان ئاو، ئەفسانە و دەنگی زوڵاڵی جەنگەڵەكاندا ونبوویت، كاتێك لە نێوان ئەم حەرف و ئەو حەرفدا زمانی خۆت ونكرد… بچۆرە ئەو ئوتێلەوە كە بە باستیلی خورافەت تا ئەوسەر كردووتە بە گەڵا… بچۆرە ناو ئەو شەوەو كە بە ئەستێرەی خورافەت تا ئەوسەر كردووتە بە تیشك‌. بزانە ئەمە کوکوختی دوا دەنگە، تا ئەوسەر بەدواتدا دەفڕێت… دەنگێک بەشمشاڵی خورافەت تا ئەوسەر کردوتە بە گۆرانی.

‌خودا لەعنەتت لێکات… گەر هەر وشەیەک دەی نوسیت لە قوڵپی خوێنتەوە نەیەت
‌خودا لەعنەتت لێکات… گەر هەر گۆرانیەک دەیڵێیت لە زامی گەرووتەوە نەیەت
‌خودا لەعنەتت لێکات… گەر هەر ڕێگایەک دەیگریت لە مەستیتەوە نەیەت.

‌یەکێک لە زیندانی میتافیزیکیانەی خۆیدا، دەیەوێت لە دڵی پایزدا بۆ تۆوی مردنی خۆی بگەڕێت، لە شەرمی میتافیزیکیانەی خۆیدا سەر بۆ گەڵاڕێزان دادەنەوێنێت، ‌بەڵام ئەوەتا پایز شار پڕ دەکات لە پەیامی نەخوێندەواری باڵندەکان… شار پڕ دەکات لە ئیمامی لە خزاندا خنکاو… شار پڕ دەکات لە کۆتری لە گەڵادا مردوو… تۆ بچۆرە ئەو کتێبە سەوزەوە کە بە پێنوسی خورافەت تا ئەوسەر کردوتە بە باغ، بچۆرە ئەو خولیا ڕەشەوە کە بە بەرگی خورافەت تائەوسەر کردوتە بە ماڵ.

خودا لەعنەتت لێکات… گەر هەر گەڵایەک دەی وەرێنیت، لەوسەر نەیهێنیتەوە ژیان
‌خودا لەعنەتت لێکات… گەر هەر خەیاڵێک دەی کوژیت، لەوسەر نەی کەیتەوە بە حەقیقەت
‌خودا لەعنەتت لێکات… گەر هەر خونچەیەک دەی ژاکێنی لەوسەر نەی کەیتەوە بە گوڵ.

پایز، تیری خۆی دەهاوێژێتە تیشک، ڕمی خۆی دەچەقێنێتە بەیانی… نیوەڕۆ تێشوی پڕ دەبێت لە گەڵای زامدار تۆ بە چەقۆیەکەوە پاسەوانی درەختەكان خۆت دەکەیت… دەچیتە سەر ڕۆخە دورەکان، لەم دیو حوکمی زەمانەوە قسە لەگەڵ پایزدا دەکەیت…
‌ لەو دیو ژاکانەوە بەگوڵی خورافەت دڵی خۆت دەشاریتەوە…
‌لەو دیو پەشموردەگیەوە بە ئاوی خورافەت چیمەنی خۆت ئاو دەدەیت،

خودا لەعنەتت لێکات… ئەوەی نایدەیتە پایز لەو دیو بیدەیتەوە دونیا
‌خودا لەعنەتت لێکات… ئەوەی خستتە سەر ڕۆح وەری گێڕیتەوە سەر جەستە
‌خودا لەعنەتت لێکات… ئەوەی کردتە ڕەها بیکەیتەوە بە ناڕەها.

پایز ئەوەیە شفرەکان بمرن و ئێمە نەیان خوێنینەوە،
ئەوەی ڕاستە نەکرێتەوە بە خەیاڵ
ئەوەی وێنەیە نەخرێتەوە سەر جەستە،
ئەوەی دووکەڵە نەبێتەوە بە ئاگر
ئەوەی تاراوگەیە نەبێتەوە بە ماڵ.

“بەختیار عەلی”
لە دیوانی: تا ماتەمی گوڵ، تا خوێنی فریشتە
لاپەڕە: ٣٠٧-٣٠٨

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *