نڤیسین: هۆشەنگ شێخ محەمەد

ئەوێن ژ ژیانا دی ڤەگەڕیاین
لەسەر رۆمانی نووسەری هێژا (هزرڤان) دەتوانم چەند خاڵێکی سەرەکی دەستنیشان بکەم:
1. لە قووڵایی خۆیدا پلاتۆییە.
2. رەهەندێکی باتینی و سۆفییگەریی و روحانی تێدایە.
3. خۆرهەڵاتییە، ئاوێتەیە بە میراتی کۆنی خۆرهەڵات، میترایی و ئاریایی.
4. دوو رۆمانە لە نێو یەک رۆماندا.
کاک هزرڤان لەم رۆمانەدا، کە لە ساڵی (٢٠٠٠)دا نووسراوە، لە ڕێی کۆمەڵی کاراکتەرەوە، بە زمانێکی کوردیی بەهێز و ناسک و جوان و زیاد لە زارێک، بابەتگەلیی کۆن و نوێ، دیرۆک و ئێستا، گیان و جەستە، خۆرهەڵات و خۆرئاوا، کورد و دوژمنەکانی، ئەقڵ و دڵ، ماددە و روح، ئەدەب و مەنتیق، هونەر و زمان، بەر باس دەدات.
کارئەکتەرەکان، هەڵگریی دیرۆکێکی قورسی نەتەوەیی و ڕۆحی و بارگاوین بە خەون و زمان و ئاووهەوایەکی سۆفییانە، زۆربەیان لە ماددەیەکی ناسک و نوورانی، بەڵام خەست بە کێشەکانی جیهانی روحی و ماددیی کوردییەوە، بە نێو ژیاندا پەرت دەبن و لە سووڕێکی نوێدا خۆیان و خەم و کوڤان و خەونەکانیان نوێ دەبنەوە. لەو نوێبوونەوەیەدا دەیانەوێت وەڵامی دوو پرسیار بدەنەوە:
1. من کێم؟
2. من چیم؟
دوو پرسیاری وجودیی، تایبەت و گشتی، لە دووکایەی فرە و قووڵ و بەریندا، کە ژیان و جیهان و روحی شاسوار و جامیجەم و حەسەن و نازەنین و بەرسیس و باقی کارئەکتەرەکانی دیکە داگیر دەکات. لە بازنەیەکەدا کە روحی مرۆیی دەیەوێت لە ڕێی وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانەدا، لە رێی واقیعێکی ئۆنتۆلۆژیدا واقیعێکی ئەخلاقیی پێشبەر بکات. بابەتگەلیی وەک (ئەمانەت وخەیانەت، ئەوینداری و سێکس، زناکاری و کوشتن، خودێ و شەیتان، قەدەر و فەلەک، گوناه و تاوان، بەرپرسیاری و ئۆباڵهەڵگرتن، دڕندەیی و ناپاکی، ئازایی و ترسنۆکی و..، هتد) ئەو بابەتانە رۆمانەکە دەکەنە رۆمانێکی ئەخلاقی. (جانەک ل هیڤییا تەیە پاکژ ببیت) ل (٤٧).
پاکبوونەوەی گیان وەک چارەنووسی رەوانی مرۆیی، دۆخی مرۆیی لە نێو رۆمانەکەدا دەباتە نێو هەق و ناهەقدا. مرۆڤگەلێک لە رێی عیشق و خەبات و ئەدەب و نووسیندا دەیانەوێت، لە رێی گەڕانەوەی بازنەی بووندا، خێزانێکی تری عاشقانە دابمەزرێنن.
بە کورتی (جامیجەم) رۆمانێکی قووڵ و گران و بابەتگرە. کووراتییەکی دیرۆکی و روحی و مرۆیی تێدایە. دەستی کاک هزرڤان خۆش بێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *