قسەکردن لەسەر رۆمانی (١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم دنیا نامۆیەدا)

مارغۆت دایکخراف

وەرگێڕانی لە هۆڵەندییەوە
سەڵاح حەسەن پاڵەوان

هەموان وا بیردەکەنەوە ئەم سەردەمی کۆرۆنایە بۆ نووسەر ساتێکی ئاسانە- چوون ئەوان هەمیشە تەنیان. بەڵام لەراستیدا هەرگیز وانییە. لە ساتێکدا دەپرسیت ئایا من خەریکی چیم چ جیاوازییەکە ئەم چیرۆکە بنووسم یان نەینووسم. ” پێش یانزە ساڵ ئەلیف شەفەق (لەدایکبووی ١٩٧١) نووسەری حەڤدە کتێب، بۆ پەنجا زمان وەرگێڕدراون، لە ئیستانبوولەوە دەیگوێزێتەوە بۆ لەندەن. ئەم شارە بووەتە ماڵی خۆی. بیری ئەستەنبووڵ دەکات. نایەوێ بگەڕێتەوە ئیستانبووڵ بەهۆی سیاسەتی سەرکوتکاری لە تورکیا و لەوێدا رۆژنامەنووس و نووسەران دەمکوت دەکرێن. دواین رۆمانی (١٠ خولەک و ٣٨ چرکە لەم جیهانە نامۆیەدا) ساڵی رابردوو بۆ خەڵاتی پۆکەر هەڵبژێردرا، ئەم رۆمانە تەرخان کراوە بۆ ئەو شارەی بەجێهێشت و بۆ ئەو ژنانەی کە لەوێدا دەژین. کارەکتەری سەرەکی ئەم رۆمانە لە یەکەمین لاپەڕەدا، لە نێو حاویەکی پۆڵاین زبڵوخاشاکدا راکشاوە ، کوژراوە، هێشتا جووتە پێڵاوە پەمەییە پاژنەبەرزەکانی هەر لەپێیدایە، هێشتا مێشکی کاردەکات، لە ماوەی تۆزێ زیاتر لە ١٠ خولەک لە ناخییەوە ئەو بۆن و رەنگ و تامانە بە مێشکیدا دێتەوە، کە پەیوەندییەکی بنبڕیان هەیە بە سەردەمی هەرزەکارییەوە: چۆن دایکی ناچار کراوە دەستی لێ هەڵگرێ، ئەو رۆژەی باوکی چیتر رێگای نەدا بۆ قوتابخانە بگەڕێتەوە، مامی چۆن یەکەمین جار دەستدرێژی کردە سەر، ئەو رۆژەی بیرکەوتەوە کە ماڵی باوکی بەجێهێشت و هەڵهات، بەبێ ئەوەی یەک قڕانی پێ بێت بۆ ئیستانبووڵ رادەکات. ئەوەی بیردەکەوێتەوە چۆن لەگەڵ هاوڕێکانی یەکتریان بینیوە: منداڵێکی تاقانەی ژنێکی خاوەن دەرمانخانە، کەسێکی نێرەمووک، گۆرانیبێژێکی خەڵکی دووئاوان، سۆماڵییەکی فاڵگرەوە. ئەم رۆمانە رۆمانێکی رەنگاوڕەنگی سەرنجڕاکێشە، باس لە ژیانی ئەو ژنانە دەکات لە پەراوێزدا دەژین. پڕە لە ئازار و هاوڕێیەتی وخۆشی ژیان و وزە. لەو رۆمانەدا هێڵی خورافە و عەقڵ یەکتری دەبڕن.

پرسیار: کتێبەکەت غەزەلێکی شیعرییە بۆ ئیستانبووڵ، ئەو شارەی کە تۆ دەڵێی هەمیشە شاری ژنان بووە، کەچی ئەوانەی بڕیار دەدەن چی بکرێت، پیاوانن؟.

ئەلیف: شەقامەکان هی پیاوانە، مەیدانەکان، فەزا کراوەکانی شار هەموو ئەمانە لەژێر کۆنترۆڵ پیاودان، بەتایبەت پاش خۆرئاوابوون. شارەکە شارێکی باوکسالاریی، سێکسی، ترس لە هاوتوخمبازیییە، هەروەک هەر شارێکی تری سەرتاپای ئەم وڵاتە، بەڵام جەوهەری شارەکە، رۆحی شارەکە ژنانەیە. شایەرە عوسمانییەکان لە بارەی ئیستانبووڵەوە نووسیویانە ئیستەنبووڵ خواژنە، لە شیعرەکانی دوایدا نووسیویانە ئەستەنبووڵ ژنێکە هاوسەری لەگەڵ چل مێردا هەڵوەشاندووەتەوە: ئەم شارە زۆری بینی، بەڵام بەهێزە. وەک فیمینیستێک پێم وایە کەمایەتییەکان دەبێ بتوانن لەم شارەدا بە ئازادی بسوڕێنەوە. ژنان دەبێ فەزای شارستانی قەرەبووبکەنەوە.

پ: یەکێ لە کارەکتەرەکانت پێی وایە باشترین جیاوازی نێوان تورکیا و رۆژهەڵات دەتوانی ببینیت ئەگەر تەماشای گۆڕستانەکان بکەیت. لە ئەوروپا گۆڕستانەکان لە دەرەوەی شارن و زۆر جوان و پاکوخاوێنن ”هەروەک باخچەی شاهانە”. لە ئیستانبووڵ لە نێوان پارکی ئۆتۆمۆبێلەکان و گۆڕەپانەکانی دوو گۆڵین چاوت بە کێلە سپییەکانی گۆڕ دەکەوێ” هەروەک گەردانەی مرواری لێکترازاو”. ئیستانبووڵ هی مردووەکانە، زیندووەکان دانیشتوانی کاتین. ئیتر ئەوەیە قەدەرت” دیموکراسی، مافی مرۆڤ، ئازادی بیروڕا دەربڕین- چ سوودێکی هەیە ئەگەر ئێمە هەر هەموو دەمرین” یەکێ لە کارەکتەرەکان دەڵێت.

وەڵام: چۆن مامەڵە لەگەڵ مردندا دەکرێت، لەمەدا کولتوور زۆری هەیە بیڵێت. لە ئیستەنبووڵ بێسەروبەرەیی باڵادەستە، گۆڕەکان بە ناوشاردا بڵاوبوونەتەوە. گۆڕی کەسێکی پیرۆز دەکرێ هەروا لە ژێر زنجیری بلدۆزەرێکدا پان بێتەوە و ونبێت، چون ئەو شوێنە مۆڵێکی لێ دروست دەکرێت. لە جیهانی رۆژئاوا، گۆڕەکان شوێنێکی بۆ دیاریکراوە، لە ژیانی ئاسایی جیاکراوەتەوە. بەردەوامی لەوێدا زیاتر هەیە. لە ئیستانبووڵ تۆ بەردەوام وەبیری مردن دەهێنرێیتەوە. لەلایەکی تریشەوە ئەمە کارێکی تەندروستە. لە هەندێ کولتوورەکاندا مرۆڤەکان ناتوانن خەمەکانیان دەرببڕن. وا چاوەڕوانیان لێ دەکرێت بە خێرایی بەردەوامی بە ژیانیان بدەن . لە دنیای رۆژئاوادا وەک راستە رێگایەک تەماشای کات دەکرێت، سبەینێ دەبێ پێشرەوی خۆی تۆمار کردبێت. لە رۆژهەڵات، لە هیندستان، پاکستان، مەکسیکیۆ زۆر جیاوازە. ئەو کەسایەتییەی تێبینی ئەمە دەکات کۆچبەرێکە، کەسێکە لەنێو نێوەندایە، ئەو چەندین کولتووری جیاوازی بینیوە، لە هیچ شوێنێک هەست ناکات لەماڵی خۆیەتی. ئەوەی ئەو دەیبینێت خاوەن ماڵ تێبینی ناکات.

پ: لەگەڵ قەیرانی کرۆنادا لە رۆژئاواش مەرگ نزیکتر بووەتەوە. ئایا پێت وایە ئەمە لە دەروونماندا گۆڕان دروست دەکات؟
ئەلیف: بێگومان. لەسەرەتای ئەم سەدەیەدا گەشبینییەک لە جیهاندا هەبوو. خەڵکی بڕوایان وابوو دیموکراسی بردوویەتییەوە، هەرگیز جارێکی تر شەڕی سارد ناگەڕێتەوە، تەکنەلۆژیا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە. جیهان دەبێتە گوندێکی گەورەی جیهانی، بەبێ ناسیۆنالیزم، بەبێ تووندڕەوی ئاینی. ئێمە لە ئێستەدا لە زەمەنی رەشبینینداین، چوینەتە نێو دڵەڕاوکێی بوونەوە..بەڕاستی پێش کۆرۆنا باری دەروونمان گۆڕابوو. خەڵکی لە رۆژهەڵات درکیان بەوە کردبوو دیموکراسی لەرزیوترە لەوەی کە بیریان لێ دەکردەوە. ئێمەش فانیترین لەوەی کە بیرمان لێ دەکردەوە. پرسیارە گەورەکە ئەوەیە پەرچدانەوەمان بەرامبەر بەمە چۆن دەبێت؟ ئایا دابڕاوتردەبین، هۆزخوازتردەبین، یان دەکشێینەوە و لە نێو سنووری ناسنامەی خۆماندا دەمێنینەوە؟ یان وەک هاوڵاتییەکی جیهانی پێکەوە کاردەکەین تا دنیایەکی باشتر بونیاد بنێین.

پ: ئەی تۆ بیر لە چی دەکەیتەوە؟

ئەلیف: ناکرێ هیچ نەکرێ، قەدەرخوازی هیچ ئەنجامێکی نییە. من وەک نووسەرێک بەرگری لەو چیرۆک و بەسەرهاتانە دەکەم کە باری کەسایەتی تێتیدا زۆر گرنگە، بەڵام بەتەواوی سەرقاڵبوون بە کەسایەتی کارێکی تەندروست نییە. دەبێ هاوسەنگی بدۆزینەوە. وەک کەسایەتی تۆ هەست دەکەیت پەیوەندیت بە جیهانەوە هەیە. دەبێ هاووڵاتییەک بین هەست بە بەرپرسیاری بکەین، ئێمە کەسانێکی کەم نیین. ئێمە وەک هاونیشتمانی جیهانی دەتوانین جیاوازی دروست بکەین.

پ: لە کتێبەکەتدا لە لایەک هەندێ رەگەز دەبینین سەر بە جیهانی واقیعی و مۆدێرنن، لە لایەکی ترەوە، گەردوونێ هەیە لەوێدا خورافە، جادوو، سۆفیگەری رۆڵی تێدا دەبینن. ئەو دووانە پەرچدانەوەی ئەو جیهانەن کە تۆ تێیدا گەورە بوویت؟

ئەلیف: من لە لایەن دوو ژنەوە پەروەردە کرام، ئەمەش جارێکی تر بۆ ئەو کاتە شتێکی نائاسایی بوو. سەرەڕای ئەوەش ئەو دوو ئافرەتە بە تەواوی دوو کەسی جیاواز بوون. دایکم ژنێک بوو پلەیەکی باڵای خوێندنی هەبوو، سەربەخۆ، شارنشین، مۆدێرن، واقیعی. داپیرەم سیفەت و خیسڵەتێکی زۆر جیاوازتری هەبوو، کەسێکی ناعەقڵانی، زۆر بڕوای بە خورافات هەبوو، هۆشمەند بوو. داپیرەم فێری کردم کە چەندین شێواز هەیە بۆ ئەوەی فێربیت و مەعریفەت دەستکەوێ. مەعریفە شتێک نییە تەنیا لە رێگای ئەزموونی مەعریفییەوە دەستکەوێت. هەندێ کەس لە بواری کاری خۆیاندا زۆر ژیر و زرنگن، بەڵام ئەوەی کە نیانە زیرەکی سۆزو هەستیارییە. کولتوری زارەکی، خورافات، دابونەریت- ئەمانە شتگەلێکن بەستراون بە ژیانی رۆژانەمانەوە.

پ: ئایا ئەو کولتوورەی لەسەر بنەمای سۆزوتاسە، زاکیرەی دەستەجەمی و رابردووی هاوبەش بونیادنراوە، لە جیهانێکدا ون نابێت کە پارە و سامانێکی زۆر بەڕێوەی دەبات؟

ئەلیف: ئەمە پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێشە. لەلایەکەوە دەڵێن ئابووری ودارایی گرنگترتن شتە، لە لایەکی ترەوە، لە زەمەنێکدا دەژین سیاسییەکانمان دەکەونە ژێر هەست و سۆزەکانەوە . ئەو ترسەی ئەمڕۆ هەمانە، دیمەنی سیاسی ئەمڕۆمان پێکدێنێت. کەسێکی دیماگۆگی زۆر چاک دەزانێ چۆن هەست و سۆزە هەمەچەشنەکان بەکار بهێنێت. من زانستی سیاسەتم خوێندووە، دەبینم زۆرکەس گرنگی بە ژمارە دەکەن، گرنگی بە سەرژمێری، باسەکانی تایبەت بە چەندایەتی، ئەو شتانەی کە دەکرێ بپێورێن. من رێزم هەیە بۆ ئەوە. بەڵام ناتوانی لە واقیع بگەیت ئەگەر گرنگی نەدەیت بە پرسەکان کە پەیوەندییان بە ژمارە و پێوانەوە نییە، گرنگی نەدەیت بە ئەفسانە وخورافاتەکان و سۆزوهەستەکان. لە پۆڵەندا زۆرجار کۆچ و کۆچبەری بابەتی هەڵبژاردنە. بەڵام لە رووی نەتەوەوە ئەگەر تەماشای بکەیت وڵاتێکی یەکجۆرە،. بەبێ تێگەیشتنی هەستەکان ناتوانین لە جیهان بگەین. ئەگەر هاوسۆز نەبیت- لە سیاسەت،لە بواری کاروباری بازرگانی، لە هەرکوێیەک بێت- ناتوانی بڕیارێکی باش بدەیت، کەمبوودی لەو بوارەدا یەکێکە لە گەورەترین گرفتەکانی ئەمڕۆ.

.
پ: یەکێ لە ساتە مێژووییەکان کە لە رۆمانەکەتدا شوێنی دیارە ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٧٣، کاتێ پردی بۆسپۆرس کرایەوە، بەشی ئاسیای شاری ئیستانبووڵی بەبەشی ئەوروپا بەستەوە. پردەکە دەنگدانەوەی زەمەنێکی نوێیە، تۆ نووسیوتە ” ئێستە تورکیا بە فەرمی لە ناو ئەوروپادایە” باقی ئەوروپا رازین بەمە یان رازی نین ؟

ئەلیف: من هەست بە خەم دەکەم کاتێ دەبینم تورکیا بەرەو ناوەوە دەگەڕێتەوە. پارتی دادپەروەری و گەشەپێدان (ئاکاپا) پارتەکەی تەیب ئەردۆگان تا ئەمڕۆ هەژدە ساڵە حوکم دەکات، نەوەیەک هەیە بەتەواوی هیچ حکومەتێکی تری نەناسیوە. کاتێ ئەم پارتە دەسەڵاتی گرتە دەست، هەوڵێکی بێوچانی دەدا تا ببێتە ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا، ئێستە شتێکە مەزەندە ناکرێت. ئەوکاتە ئەوان دەیانوت چاکسسازی لە ئابووریدا دەکەن، پێداچوونەوە بە دەستوور دەکەن، ئازادی رادەڕبرین زۆرتر دەبێت. ئاشتی لەگەڵ کوردان بەرقەرار دەکەن، دان بە ئازاری ئەرمەنییەکاندا دەنێن. ئەمە ئەو کاتە.. بەڵام ساڵ لە دوای ساڵ پارتی ئاکاپا زیاتر بووەتە پارتێکی نەتەوەپەرست، بووەتە رژێمێکی دەسەڵاتخواز. ئێستە لە تورکیادا هەڵبژاردن زۆر دەکرێت، بەڵام وڵاتێکی دیموکراسی نییە. تورکیا ئێستە وڵاتێکە زیاتر لە هەموو وڵاتانی جیهان ژمارەی رۆژنامەنووسان و نووسەران تێیدا زیندانین، لە سەردەمی کۆرۆنادا هەستان بە ئازادکردنی هەموو ئەو زیندانیانەی لەسەر تاوانی تووندوتیژی خانەوادەییی بەندکرابوون، کەچی هیچ رۆژنامەنووسێکیان ئازاد نەکرد. ئەمە کارێکە نامرۆڤانە و قابیلی قبووڵ نییە. هیچ جۆرێک لە مەعریفەی سەربەخۆ، ژنانی سەربەخۆ نییە، …..کەمایەتییەکانی تریش مافێکیان نییە. وەچەکانی من لەسەر ئەو فەرەزییە گەورەبوون کە ئەوان ئەوروپین. ئێمە بلزاکمان دەخوێندەوە. واماندەزانی لە رووی کولتوورییەوە سەر بە ئەوروپاین، بەداخەوە ئەمە گۆڕا، ئەمەش بەراستی دڵتەنگم دەکات. نامەوێ ئەوروپا وڵاتی دایک پشتمان تێکات. بۆ من ئەوروپا واتە بەهاکان، ئازادییەکانی بیروڕا، هەمەچەشنی، دیموکراسی زۆرایەتی. ئەمە ئەو ئەوروپایەیە من پەیوەندیم لەگەڵدا هەیە.

ئەلیف: ئەو گوڕستانە بوونی هەیە، چیرۆکەکان، ئەو چیرۆکەشی لەبارەی ئەو شوێنە دەیگێڕمەوە چیرۆکی راستەقینەن، لەوێدا گۆڕی ئەو کەسانە دەبینی کە لەشی خۆیان فڕۆشتووە،، پەناهەندەن، منداڵی بەجێماون، ئەو کەسانەن بە نەخۆشی ئایدز مردوون. ئەوانە ناویان نییە، تەنیا ژمارەیەکیان هەیە. لە کتێبەکەمدا کەسوکاری لەیلا (خێزانی لەیلا لە خوێن و گۆشت) ئەوە رەتدەکەنەوە لەیلا ناشتنێک بنێژن رێز و سادە بێت، ئەوان حاشایان لێ کردووە. بۆیە ”خانەوادەی ئاو” بەم رێوڕەسمە هەڵدەستن، ئەو خانەوادەی ئەو خۆی رێکیخستبوو، دەستەخوشکەکانی.

پ: لە نێو رۆمانەکەتدا زۆرجار وتەکانت هی ئەو کارەکتەرانەن کە سەر بە کەمایەتییەکانن، لەم کتێبەدا ژنان، کۆچەران، نێرەمووکان، کەناسەکان، سۆزانییەکان، ئەو کەسانەن لە پەراوێزخراەکانن، جا چ لە ژیاندا بن یان پاش مەرگیان. تەرمی لەیلا لە گۆڕستانێکدا دەگیرسێتەوە گۆڕستانی لەبیرچووانە، ئەو لاشانەی جێگەی گرنگیدان نین.

پ: ئێوە رێک رێگا بە گرووپێک دەدەن قسان بکەن، ئەو گرووپانە لە لایەن پۆپۆلیست و نەتەوەپەرستە سیاسییەکانی تورکیاوە ئەفەرەزۆ کراون و پەراوێزخراون؟

ئەلیف: لە رۆمانەکەدا چیرۆکی ئەو کەسانە دەگێڕمەوە کە لەلایەن مێژووەوە لەبیرکراون، کەمایەتییەکان لەپەراوێزدان، دەمەوێ کەنارەکان ببەمە نێو سەنتەرەوە، ئەوانەی نەبینراون ئاشکرایان بکەم، لە وڵاتێک دیموکراسی تێدا نەبێ رێزی کەمایەتییەکان ناگیرێت، لەبەر هەرچ هۆیەکیش بێت ئەگەر جیاواز بیت، چ رەنگی پێست یان جۆرە لاری و لادانی توخمیت تێدا بێت کە جیاواز بیت لە زۆرایەتی، ئەوە ژیانت زۆر سەختە. چوون تەنیا لەوێدا یەک رێگا راستە و یەک کولتوور هەیە. ئەمە ریاودووڕووییە. ئەدەب جوانترین شێوازە بۆ ئەوەی ئەو شتانە پیشان بدات. بەڵام من تەنیا بە چیرۆک بەدوای ئەو شتانەدا ناڕۆم، لەو شوێنانەش دەگەڕێم کە شتەکان لە بێدەنگیدان، ئەو شتانەی باسناکرێت؟ دواین فەزای دیموکراسی ئێمە رۆمانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *