سەرکەوت سەوادی

ئەمڕۆ دۆخێک هاتۆتە ئاراوە، زۆرینەی تاکی کوردی بەتایبەت ئەوانەی تەمەنیان 15ــ 50 ساڵی دایە. دووچاری دۆخێکی شڵەژاوی دەروونی بوون. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە دەڵێت ” من وابیردەکەمەوە کە جوان نیم ” واتە ئەو هەستە لای دروست دەبێت کە ئەو لە ڕووی لەش و لارەوە لە لایەن ئەوانی ترەوە جوان و پەسند نییە ، ڕیشەی ئەمەش لەوەوە دێتە ئاراوە کە (من بوون)ی خۆمان لە ڕێگەی ئەوانی ترەوە وەردەگرین، ئەمەش واتە ئێمە لە ناخەوە هەست بە کەم و کوڕی و ناتەواوی دەکەین، دەمانەوێت جەستەی خۆمان بکەینە ماسکێک بۆ شاردنەوەی خودی واقعی خۆت. تاکەکان هەوڵ زۆر دەدەن خۆیان بخەنە بەر نشتەری چەقۆی پزیشک تا بتوانن شێوە و لەشی خۆیان جوان بکەن، لە پێناو قبوڵکردنیان لە لایەن ئەوانی ترەوە. ئەگەر کەمێک سەیری تاکەکان بکەین هەر یەکەیان لە هەوڵی ڕازاندنەوەی جەستەی خۆیاندان ئەو ڕازاندنەوە چ بە نشتەرگەری ئەندامەکانی جەستەبێت، یان لە ڕێگەی پۆشینی جلی ماڕکە و کەلوپەلەکانی ئارایشیی بێت، هیج جیاوازیەکی ئەوتۆی نییە لە نێوانیاندا ڕووی جەوهەریەوە لێرەوە بە پێویستی دەزانم تیشک بخەمه سەر ئەو هۆکارانەی لە پشت جوانکارییەوەن. مرۆڤ کاتێک باوەڕی بە نەفسیەتی خۆی نییە و لە ڕووی سایکۆلۆژی تێکشکاوە هەمیشە دەکەوێتە ژێرکاریگەری ئەوانی ترەوە تا بوونی خۆی لەوانی تر وەرگرێت ، بەڵام کاتێک کە مرۆڤ باوەڕی بە خۆی هەبوو، هیج لای گرنگ نییه ئەوانی تر چۆن لێی دەڕوانن، چونکە بوونی خۆی لە بە شێوەیەکی ئاگامەندانە و ناخەکیانە دەست خستووە، بەڵام باوەڕبوون بەخود ئەوەندەش پڕۆسەیەکی ئاسان نییە کە هەرکەسێک تەنها بە گوتن بڵێت من خاوەن خودێکی سەربەخۆم، چونکە خۆبوون پێویستی بە خۆتێکشکاندان هەیە واتە ئەو بوونە کلتوریە تێکبشکێنێت کە بە بێ ویستی خۆی و نا ئاگایانە چێبووە . ئەم تێکشکاندنە تەنها ئەو کاتە دەست دەخرێت، کە مرۆڤ بەئاگاییەوە بکەوێتە لێهزرینەوە. هۆکارێکی تر ئەەیە کە تێڕوانینی ئەوانی تر پێگەیەکی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی کە کەسەکە خۆی جوان یان ناشیرین ببینێت. ئەمەش بەرامبەرەکانی دەکاتە دوو گرووپ هەندێک ناشیرین دەتبینن و هەندێکی تر جوان. ڕازی کردنی ئەو بەشەی کە تۆ ناشیرین دەبینن ناتوانی بۆچوونیان بگۆڕی دەربارەی ڕواڵەتت، چونکە هیچ کات مرۆڤ ناتوانێ هەموو مرۆڤەکانی تر لە خۆی ڕازی بکات. لە لایەکی ترەوە ئەوانەی هیچ پێوەرێکی دروستی جوانناسیان نییە، نتوانن بە شێوەیەکی دروست بڕیار بدەن دەربارەی جوانبوونی تۆ. ئاخر کەسێک پێوەرەکانی بڕیاردانی ڕواڵتگەرایی بێت، چۆن دەتوانێ بۆ پرسی جوانی بڕیارێکی ڕاست بدات، هیچ کات ناکرێ بە ئاڕاستەی ڕازیکردنی ئەوانەدا بڕۆین کە هەموو جوانیەک کورت هەڵدێنن لە جەستەدا. مرۆڤ کاتێک خاوەنی خود نییە، ئەو ساتەی دەچێتە بەردەم ئاوێنەش هیچ کات ناتوانێ خۆی ببینێ، بەڵکو لە ساتەدا ئەو ئاوێنەی زیارتر بەسەردا زاڵە کە دیدگای ئەوانی ترە دەربارەی خۆی. لە لایەکی ترەوە تەنها ڕەگەزی مێینە نییە کە خەریکی جوانکاری جستەیە، بەڵکو ئێستا ڕەگەزی نێرینەش خەریکی هەمان کارە بۆ جوانکاری جەستە، ئەمەش پەیوەندی بە پەروەردەی ئێستاوە هەیە، کە هەموو شتێک بە چاویلکەی سوود و ڕواڵەتی دەبینێ، واتە لە سەردەمی ئەمڕۆی سەرمایەداریدا مرۆڤەکان وەک مرۆڤ نابیندرێن، بەڵکو وەک ئامراز دەبیندرێن، ئەم جۆرە تێڕوانینە لە ئێستا زاڵە. ئەوەی زیاتر جێگەی نیگەرانییە ئەمڕۆ زۆرینەی ئەوانەی لەگەڵ جەستەی خۆیان لە کێشەدان، دەیانەوێت خۆیان هاوشێوەی کۆمەڵێک ئەکتەر بکەن وەک ( خێزانی کارداشیان، بوکی باڕبی، کەمال سۆیدەری، ئەنجلیناجولی و ئەکتەرەکانی هۆڵیۆد….هتتد) ئەمەش زیاتر ڕاگەیاندن ئەو ڕۆڵە نێگەتیڤە دەگێڕێت لە پێناو برەودان بەو گەوجاندنە، هەروەها زۆرێک لە پزیشکەکانی جوانکاریش پشکی شێریان بەردەکەوێت بۆ ئاڕاستەکردن و ڕێگە خۆشکردن بۆ ئەو گەوجاندنە لە پێناو خاڵی کردنی گیرافی ئەو مرۆڤانەی لە گەڵ جەستەی خۆیان لە کێشەدان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *