نڤێسین: هوشەنگ شێخ محەمەد

سورەوەردی لە کتێبی (التلويحات اللوحية و العرشية)دا، لە رێی زیندەخەوێکەوە وتوێژێک لەگەڵ ئەرستۆ دەکا و دەڵێ: (ماوەیەک بوو زۆر بە بیرکردنەوە و بیرکارییەوە سەرقاڵ بووم، زانین بە دەستخستن لە رێی خوێندنەوەی کتێبەکانەوە سەخت بوو، شەوێک لە شەوەکان دەبۆرژام، لەناکاو چێژێک دایپۆشیم، تریسکەیەکی گەشاوە و نوورێکی شەعشەعانی و وێنەی تارماییەکی مرۆییم بینی، کە دەرچوو ئیمامی حیکمەت و یەکەم مامۆستایە. بە هەیئەتێکی جوان و شکۆدار مەدهۆشیی کردم، سڵاوی لێکردم، تا مەدهۆشییەکەم لاچوو و تەنیاییەکەم بۆ خۆشیی گۆڕا. سکالای سەختی ئەم بابەتەم لە لا کرد، ئەویش پێی وتم بگەڕێوە بۆ رەوانی خۆت، بۆت چارە دەبێ)
لە کتێبی حیکمەتی ئیشراقدا دەڵێت: (خاوەنی ئەم دێرانە، توند رێی مەشاییەکانی گرتبوو، بڕوای بە ڕێی ئەوان بوو، سوور بوو لەسەر ئەو رێیە و رووناکی رەت دەکردەوە، تا بەڵگەی خواوەندیی خۆی دی)
بە هاتنی مەنتقی (ئەرستۆ) بۆ نێو فەلسەفەی ئیسلامی، بەمەبەستی پاراستنی هزر لەهەڵەکردن. بەم شێوەیەی کە ئامانجەکەی لە خەونی خەلیفە (مەئموون)دا بەرجەستە ببوو، بە خوێندنەوەی (جابری) بۆ پێشگرتن لە فەرهەنگی میللەتانی ژێر دەستەی دەستەڵاتی عارەبی ئیسلام بوو. ئەوانەی لەسەر بنەمایەکی عیرفانی و گنووسی دامەزرابوون، بە تایبەتی هزریی (مانیزم) و (زەرتوشتی). لەلایەکی دیکەوەیش وەرگێرانی هەندێ بەرهەمی ئەفلۆتین بە ناوی ئەرستۆ و هەوڵی فاڕابی بۆ سازانی ئەرستۆ و پلاتۆ پێکەوە. دوو هەرێمی بیرکردنەوە دامەزران.
هەرێمێک کە بە (ئەرستۆ)یی ناودێری دەکەین، کە لە ئەقڵی ئەوسای خەلافەتی عارەبی ئیسلامی ناسینێکی دامەزراند، کە لە کایەکانی جۆراوجۆر رەنگی دایەوە. بەشێوەیەک بۆ هەر کایەیەک قانوون و زمانی تایبەت بەم کایەیەی پەیدا کرد، لە کایەی ناسیندا راست و هەڵە، لە کایەی دیندا حەلال و حەرام، لە کایەی قانوونیدا رێپێدراو و رێپێنەدراو، لە کایەی کۆمەڵایەتیدا کاری کردە و کاری نەکردە. بەم شێوە و ناوەڕۆکە کۆمەڵێ قانوون و یاسا و رێسا و بنەما و رێنمایی بە ئیستدلالی ئەقڵی بۆ شت و رەوشت دانا، بە شێوەیەک وێنەزانیی بووە دامەزرێنەریی تێگەیشتنێکی سەرتاپاگیر بۆ ئەندامانی خەلافەتێکی پانوپۆڕ، تا بە پێی ئەم سستمە لە هەموو کایەکاندا بجووڵێنەوە. هەر کایەیەک قانوون و زمانی خۆی وەک تەکنیک پێشدا ببات و بەرژەوەندییەکانی خۆی لەسەر رێک بخات، هەموو شتێک لە واقیعدا وەک وێنە ئاوەزییەکەی خۆی دابڕێژێتەوە و پێناسەی بکات و بە پێی یاسا و رێساکان سنوورەکەی دیاری بکات. لەم هەرێمی بیرکردنەوەیەدا هەستەکان بوونە سەرچاوەی نەوەک ناسینی شت بە تەنیا، بەڵکو کۆنتڕۆڵکردنی شتیش! بووە سەرچاوەی پێناسەکردن و پێوانەکردن و یەکسانکردنی شت لە واقیعدا لەگەڵ ئاوەزدا. بەم شێوەیە مەنتقی ئەرستۆ لەم ناوچانەدا بووە ئەو ئامرازەی بەرژەوەندییەکانی خەلافەت و دەستەڵات دەپارێزێت.
لەبەرابەردا، هەرێمێکی تر کە خودیی و روحی و ئایدیایە، کە دەتوانین بە (پلاتۆیی) ناودێری بکەین، ئەو هات لە رێی گەڕانەوە بەرەو خود و نەفس، مرۆڤ هەرێمی (هەق و باتیل) بناسێت. مرۆڤ لەسەر بنەمای دەنگی هەقیی ناوەوەی خۆی جیهان و شت پێناسە بکات و خۆی لە هەق و ناهەقی بپارێزێت.
لە جیهانی عارەبی ئیسلامیدا، هێلی ئەرستۆیی بووە هێلی دڵخوازیی دەستەڵات و تا ئێستاش درێژبوونەوەی هەیە و لە سستم و شێوازەکانی نوێی ئێستاش بە ئاشکراترین وێنە دیارە، بە تایبەتی لە کۆمەڵگە ئیسلامییەکاندا، کە دەبینین سستەمی مەعریفی و پەروەردەیی و دینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی و هتد..، لەسەر بنەمای قانوون و رێسا و رێنمایەکاندا، بەرژەوەندییەکانی تاقمێک و گروپێک و کۆمەڵێک دەپارێزن. هەروەها لەبەرابەر ئەو سەرکەوتنانەی ئەم هێلە زانستییە کە لە بواری جۆراوجۆردا بەدەستیهێنا لە رووی هێڕشبردنە سەر زەوی و ئاسمان و دۆزینەوە و داهێنانی جۆرەها شت و کەلوپەل. توانی پاشەکشە بە هێلی پلاتۆنیزمی بکات و تەنانەت تێزی پلاتۆ و بیروبڕواکانی سەر بە ئەم رێبازە و لە نێویشیاندا گنوسیزم و سۆفیگەریی و تا سۆفیگەریی فەلسەفیش بە جۆرێک لە هەڵە و خوڕافە و ناڕاستی دیار بکەن. بەڵام لە هەقیقەتدا ئەوەی پاشەکشەی کرد، خودیی مرۆڤ و هەق و دەنگی زیندووی ویژدان بوو، کە لە ژێر داهێنانەکانی مەنتیقی ئەرستۆ لەم ناوچەیەدا لە بوارە جیاجیاکاندا دەرکەوتن.
سورەوەردی زوو درک بەم هەڵە کوشندەیە دەکات کە زاناکانی ئیسلام، لە پێناو بەرژەوەندیی تاقمێک و گروپێکی دەستەڵاتدار مەنتیقی ئەرستۆ دەکەنە قانوون و هزریی پلاتۆ و پلاتۆنیزمی نوێ توور هەڵدەدەن و رێ لە بڵاوبوونەوەی دەگرن. چونکە نایانەوێ بابەتەکان و رووداوەکان و ئارەزووەکان لە نێو هەرێمی (هەق و ناهەقدا) تەئویل بکرێن، بەڵکو لە رێی (راست و ناڕاست) بخوێندرێنەوە. خوێندنەوەی دەق و ناو و چەمکە هەمەکییەکانیش بە هەمان سستمی بیرکردنەوەی مەنتیقیانە دەکەونە بەر تەفسیرکردن. سورەوەردیی کە دژی زاناکانی ئیسلام دەبێت و دەڵێت ئەوانەی دەیانناسین (مەبەست ئیبن سینا و فارابی)یە، یەک لە هەزاری زانستی پلاتۆ نازانن! چونکە ئەوانە لەسەر بنەمای کتێب (کتێبەکانی لۆژیک) زانینی خۆیان بیناکردووە، لەکاتێکدا زانینی هەق، لە رێی دەنگی (هەق)ی رەوانەوە دێتە دەرێ.
سورەوەردی لە رێی خوێندنەوەی ئەم پەرەگرافەوە دەیەوێت بڵێت، ئەمەی بە زانستی مرۆیی و سرووشتی ناسراوە، بە تایبەتی لە جیهانی ئیسلامدا، مرۆڤ ناگەیەنێتە هەق، چونکە هەق پێویستی بە بەڵگەی زیندووی رەوانێکی زیندووە، زانستێک کە مرۆڤێکی ویژدان زیندوو لە خوادی هەقیی زیندووی وەردەگرێت بە شێوەیەکی راستەوخۆ نەوەک لە رێی کتێبەکانی لۆژیکەوە، یا هەتا لە رێی کتێبەکانی زاناکانی ئیسلامەوە، چونکە ئەوان یەک لە هەزاریی پلاتۆ و هرمس و پیتاگۆرس و سوکرات و ئیمپادۆکلیس و زەردەشت و مانی و پیرانی موغان و کەیخوسرۆ نازانن! ئەو بازنە روحانییەی سورەوەردی باسی دەکات، بازنەی هەقە، هەقی ناخ و خودیی مرۆڤ، کە پێویستی بە زانستەکان نییە تا دەنگ هەڵبڕێت، بەڵکو پێویستی بە دیتنی بەڵگەی خودایە، کە هەق ناوێکی خودایە و لە رەوانی مرۆڤدا جێگیرە!
جیاوازیی لە نێوان راستی و هەقدا وەک جیاوازیی نێوا هەق و ناهەق نییە، ئەوەی هەق بێت هەمیشە راستە! بەڵام ئەوەی بە پێوەریی مەنتیقی ئەرستۆ و شەریعەت و ئەو زانستانەی لەسەر ئەم مەنتیقە دامەزراون، هەمیشە هەق نییە. واتا هەق بە رەهایی راستە، بەڵام راست بە رەهایی هەق نییە. با بە نموونەیەکی ساکار ئەمە روون بکەینەوە:
(گریمان قوتابییەکی قۆناغێکی خوێندنی سەر بە سستمی پەرەوەردەیی، تاقیکردنەوەی لە ماددەیەک هەیە، نازانێت وەڵامی (راست) بداتەوە، لە رێی مامۆستا یا قوتابییەکی تر یا قۆپییە کردن وەڵامی (راست)ەکە دەخاتە سەر کاغەز. ئەم کاغەزی تاقیکردنەوەیە دەچێتە بەردەستی مامۆستا و پلەی سەرکەوتنی دەداتێ! راستە ئەم قوتابییە بە پێی مەنتق (راست) ە و (سەرکەوتووە)، بەڵام بە پێی دەنگی ویژدان و هەقەوە (هەق) نییە. واتە ئەم (راست)ییە، ناهەقییە. دەیشکرێت پێچەوانەکەی رووبدات و وەڵامێک کە بە پێی ئەم مەنتقە هەڵە بێت و لە خۆیدا هەق بێت؟!
سورەوەردی دەزانێت ئەم سستمە مرۆڤ دەگەیەنێتە سەرتۆپی گەندەڵبوون و وێرانبوونی ئەخلاقی، بۆیەشە دەست لەم مەنتیقە هەڵدەگرێت و هاوار دەکات کە رووناکی هەق ببینن! دەنگی ویژدانی بێگەردیی مرۆڤ بەرز ببێتەوە! ئەمیش لە رێی هێنانە پێشی هێلیی بیرکردنەوەی پلاتۆیی، چونکە ئەم هێلە گوێ لەم دەنگە دەگرێت کە پێی دەڵێت ئەمە هەقە و ئەمە ناهەقە، هەقەکە بکە و ناهەقییەکە مەکە. نەوەک بڵێت ئەم وەڵامە راستە یا هەڵەیە، ئەم ئیشە حەرامە یا حەڵالە، ئەم کارە بێ رەوشتییە یا رەوشتییە، ئەم شتە رێپێدراوە یا رێپێنەدراوە. پرسیاری هەرێمی پلاتۆیی هەرێمی خوایە، هەرێمی روحە، هەرێمی هەقە، هەرێمی ویژدانە، هەرێمی خودە!
جا سورەوەردی هەقە، کە دەڵێ هاتنی ئەم مەنتقە نەوەک هەر ئەقڵی لە هەڵەکردن نەپاراست، بەڵکو رێی هەقی تاریک کرد. بۆیەشە ئەمڕۆ کە مرۆڤ (لەبارەی هەقەوە)، لە ڕێی زانستانەکانی مرۆیی، یاسا و رێساکانی ژیانی خۆی رێکخست، گەندەڵ دەبێت! بە پێی بەرژەوەندییەکانی خۆی یاسا و رێساکان رێکدەخات و بە پێی هێز و دەستەڵات کێبڕکێ و ململانێ و شەڕ لە پێناو ئارەزووەکانی دەکات. ئامادەیە لە پێناو بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی بەردەوام موفتی گوێڕایەڵ، وەزیر و راوێژکاریی گوێڕایەل، مامۆستا و زانکۆی گوێڕایەڵ، دواتر جەماوەرێکی گوێڕایەڵ پەیدا بکات. تا وەڵامدەرەوەی راستی و ئارەزووەکانی ببن. نەوەک وەڵامدەرەوەی (هەق) بن!
هەروەها ئەمڕۆ ئەگەر مرۆڤ (لەبارەی هەقەوە)، لە رێی دەنگی خودیی خۆیەوە، بەرەو رەوانی خۆی بگەرێتەوە، بە کۆمەلێک تۆمەت تاوانبار دەکرێت، لەمانە: (خەریکی خوڕافەیە، کۆنە و تازە نابێتەوە، مەستی عیرفانە، پیر بووە و دەگەڕێتەوە!) زۆر تۆمەتی هەرزانتریش. بێئاگا لەمەی کۆن هەمیشە و بۆ ئەبەد هەقە! چونکە هەق دەنگی ویژدانی زیندووی ناوەوەیە کە ئامادە نییە لە پێناو بەرژەوەندی و ئارەزووەکانی، هەروەها ویستی دەستەڵاتەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و دینی و چاندی، (ناهەقی)ی لە خوشک و برای خۆی _مرۆڤ_ بکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *