نڤێسی: هوشەنگ شێخ محەمەد

پێشەکی
(سورەوەردی ١١٥٥-١١٩١) چواردە نامە و چیرۆکی رەمزی بە زمانی فارسی و عارەبی نووسیون . هەندێ لە نامەکانی راستەوخۆ بە فارسی نووسیون وەک (پرتو نامە، بستان القلوب و یزدان شناخت). هەندێ نامەش خۆی بۆ زمانی فارسی وەریگێڕاون وەک (هەیکەلەکانی نوور و تاتەکانی ئامەد). هەندێ نامەش راستەوخۆ بە زمانی عارەبی نووسیون وەک (غوربەتی غەربی و نامەی ئەبراج).
بۆ وەرگێڕانی ئەم نامە و چیرۆکە رەمزییانە، هەوڵم دا لەهەر دوو زمانی عارەبی و فارسی کەڵک وەربگرم، هەروەها دەقی (نامەیەک لەبارەی منداڵییەوە)، بە زمانی ئینگلیزیش لەبەر دەستم بوو. لەبارەی دەقە عارەبییەکانیش پتر لەسەرچاوەیەک لەبەر دەست بوون تا بەکاریان بێنم.
لەبارەی نامە و چیرۆکە رەمزییەکانی سورەوەردییەوە، گرنگە هەم سەرچاوەی زمانە رەسەنەکە و هەم پۆلێنی بزاندرێت. لەبارەی زمانی رەسەنی چیرۆکەکە، هەندێ ناو تێگەیشتنێکی باشتر دەدەنە وەرگێڕ لەمەڕ مەبەستی سورەوەردی. هەروەها کە دەقێک بە زیاتر لە زمانێک بەردەست بێ، هاوکاری وەرگێر دەکات بۆ تێگەیشتن و وەرگێڕانێکی باشتری دەقەکان. هەروەها گرنگیشە وەرگێڕ ئاگاداری پۆلێنی نامە و چیرۆکەکان بێت، چونکە ئەو کاتە دەزانێت کامە چیرۆک لە خانەی فەلسەفە و کامەی لە خانەی عیرفان و کامەیشی لەدەرەوەی ئەم دوو خانەیەدایە.
هێنری کۆربەن کە بەرهەمەکانی سورەوەردی سەرلەنوێ پۆلێن کردنەوە و لە چوار بەشی سەرەکیدا رێکیخستنەوە، بە سێ بەش بۆ چاپکردن تەیاری کردن: یەکەمیان بریتی بوو لە کتێبەکانی (تەلویحات و مقاوەمات و مەشارع و موتارەحات)، کە سورەوەردی خۆی ئاشکرای کردووە خوێندنەوەی ئەم سێکوچکەیە پێویستە بۆ ئەوەی خوێنەریی لێکۆڵەر لە کتێبی (حیکمەتی ئیشراق) بگات. کە ئەم کتێبەش (حیکمەتی ئیشراق) تێکڕای بیرکردنەوەی سورەوەردی لە خۆدەگرێت. بریتییە لە بوژاندنەوەی حیکمەتی ئیشراقی حەکیم و سۆفییەکانی ئێران، وەک هێنری کۆربەنیش دەڵێ، ئەم پڕۆژەیە بە نەزەری هەر کەسێک، کە لە روحانیبوونی ئیسلام تێبگات، دەزانێ بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئیسلامدا دژ نەبووە، بەڵام زاناکانی حەلەب لەمە نەگەیشتن، کە سورەوەردی شتێک دەداتە ئیسلام بریتییە لە حیکمەتی ئەو حەکیمانەی خاوەنی ئیلهامی هێللینیی بوون، ئەمیش لە رێی سەرچاوەکانی تەئویلکردنێکی روحانی، کە لە نێو روحانیێتی ئیسلامدا پێڕەو دەکرا. ئەگەر زاناکانی حەلەب بابەتەکەیان لە روانگەیەکی ترەوە دیبێت، ئەوا دەبێت لە رووی مێژووییەوە بەرپرسیاری دادگاییکردنی روحانیێتی ئیسلامی هەڵبگرن، کە بە کاملی لە شەخسی سورەوەردی رەنگیدایەوە. منیش دەڵێم پێویستە (ئەییووبی)یش ئەم بەرپرسیارییە مێژووییە هەڵبگرێت بۆ دادگاییکردنی فەلسەفە و سۆفیگەرییەکی ئاوێتەبوو بە رەگی میترایی و زەردەشتی و فەلسەفەی یونانی و پلاتۆنیزمی نوێ، کە لە بیردۆزی (ئیشراق)ی سورەوەردیدا پوخت دەبێتەوە.
ئەم سێ بەرهەمە (تەلویحات، مقاوەمات و مەشارع و موتارەحات) پێشەکییەکن بۆ تێگەیشتن لە بیردۆزی (ئیشراق)، وشەی ئیشراق لەیەک کاتدا بێ جیاکردنەوە، واتای (خۆرهەڵات) و (ئیشراقکردن) دەدات. واتا (فەلسەفەی خۆرهەڵاتی) و (فەلسەفەی ئیشراق). فەلسەفەی خۆرهەڵاتیی سورەوەردی، ئیشراقییە، چونکە خۆرهەڵاتییە. هەروەها خۆرهەڵاتیشە چونکە ئیشراقییە. بە واتا میتافیزیکییەکەی بنەچەکەی خۆرهەڵاتییە، لە جەوهەردا فەلسەفەی نوورە.
سورەوەردی خۆی بێ جیاوازی (خۆرهەڵات) وەک زەمینی حیکمەت و حیکمەتی زەمین بەکاردێنێت. لە رێی ئەم چیرۆکە رەمزییانەشەوە، لەبارەی (فەلسەفەی خۆرهەڵاتی)، باشتر لە پێوەندی نێوان سورەوەردی و ئیبن سینا دەگەین، کە هێنری کۆربەن بە دوو (پیری هزریی ئێرانی) وەسفیان دەکات. کە بۆ من لێرەدا وشەی (پیر) کە لەچاپە وەرگێردراوەکانی عارەبیدا دەبێتە (شێخ)، بەڵام لای من لێکدانەوەی دەبەمەوە سەر (پیری) ئەندامانی ئەنجوومەنی پیرانی موغانی یەزیدی و زەردەشتیان. کە هەردووکیشیان ئاوی خۆرهەڵاتی میتراییزم و میتراییزمی خۆرهەڵات دەخۆنەوە.
بەرگی دووەمی چاپەکە ئەم کتێبانەی لە خۆگرتن (حیکمەتی ئیشراق، لەبارەی بڕوای حەکیمەکان و چیرۆکی غوربەتی غەربی). دەقی حیکمەتی ئیشراق، کە من بەپشت بەستن بە چاپەکەی خانەی (جەمەل ) وەرمگێڕا سەر زمانی کوردی، بەڵام ئەمە کارێک بوو، هەرگیز بێ وردکردنەوەی (شارەزووری) نەدەکرا، هەروەها وردکردنەوەی (شیرازی و پەلارەکانی مەلا سەدرا) و هەروەها خوێندنەوەی (محەمەد عەلی رەیان) بۆ فەلسەفەی ئیشراقی سورەوەردی و چەندین بابەتی تر. جگە لە وەرگێرانەکەش وردکردنەوەیەکی درێژمان بۆ کتێبەکە کرد، تا خوێندنەوەی کتێبی حیکمەتی ئیشراق ببێتە دەروازەیەک بۆ چوونە نێو بیردۆزی ئیشراق و تیۆسۆفیی سورەوەدی بە گشتی. هێنری کۆربەن لەبارەی (چیرۆکی غوربەتی غەربی)یش کە لەم بەرگەی خانەی (جەمەل)دا بڵاوکراوەتەوە، دەڵێ ئەگەر لێرە بڵاونەکرابایەوە، ئەوا لە نێو کتێبەکانی سۆفیگەریدا جێی خۆی دەدۆزییەوە. هەروەها ئەو کاتەی من لە گەرمەی کارکردنی وەرگێڕان و وردکردنەوەی کتێبی حیکمەتی ئیشراق بووم، (چیرۆکی غوربەتی غەربی)یشم هەر بە پشتبەستن بەم چاپەی سەرەوە وەرگێرایە سەر زمانی کوردی و لە کتێبی دووەمم (لە نامەکانی سورەوەردی) لەگەڵ هەر دوو نامەی (زمانی مۆران و چریکەی سیمرغ) بڵاوکرایەوە. کە لەو کتێبەدا پێشەکییەکی تۆزێک درێژ و چڕم دانابوو، کە بریتی بوو لە وتووێژێکی هێنری کۆربەن لە بارەی میتافیزیکی ئیسلام بە گشتی و بەشداریکردنی سورەوەردی لەم میتافیزیکەدا، هەروەها لە پاشەکی کتێبەکەش نووسینێکی کورتی هێنری کۆربەنم دانا، کە لەبارەی هەر دوو چیرۆکی زمانی مۆران و چریکەی سیمرغ نووسرابوون . هیوادارم دەرفەت بڕەخسێت، کتێبی (لەبارەی بڕوای حەکیمەکان) و بەرهەمەکانی تریش وەربگێڕینە سەر زمانی کوردی. چونکە کۆی ئەم کارانە، وێنەیەکی وردتر و فرەتر و قووڵتر لەسەر تیۆسۆفییەکەی سورەوەردی دەدەنە خوێنەر. لەم بەرهەمانەدا پێوەندی نێوان پلاتۆ و پلاتۆنیزمی نوێ و حیکمەتی زەردەشت و خۆرهەڵاتی دەبینینەوە.
بەرگی سێیەمی کتێبەکان بریتی بوون لە چواردە نامە و چیرۆکی رەمزی، کە (سەید حوسێن نەسر) پشکنینی بۆ کردوون، باس لە واتاگەلی جەوهەریی سورەوەردی دەکەن لەڕێی وتووێژی راستەوخۆی کەسیی سۆفیی لەگەڵ ئەقڵی کارا، یا جوبرەئیل. بۆ ناسینی جیهانی باڵا و نەخشەی زەمین و مەلەکوت و جەبەرووت. بە شێوەیەک کە دەبێت رامانی فەلسەفی بگاتە ئەزموونێکی سۆفیگەرانە و ئەزموونی سۆفیش بێ تێگەیشتنێکی فەلسەفی بە روونی پێکنایەت.
هێنری کۆربەن لە پێشەکییەکی بۆ ئەم نامە و چیرۆکانە، رانان و ناساندنێکی خێرای کردووە، بۆ ئەوەی خوێنەر بتوانێت پنتە سەرەکییەکانیان بناسێت. (سەید حوسێن نەسر) نامەکانی بە سێ بەش پۆلێن کردوون:
یەکەم- نامەگەلی فەلسەفی، لەبەر رۆشنایی واتای فەلسەفە لای سورەوەردی. ئەو نامانەن کە بە پەرچووی پەیامبەران و ئەزموونی سۆفییەکان کۆتاییان دێت. وەک نامەکانی (تیشکی نوور، هەیکەلەکانی نوور و تاتەکانی ئامەد).
دووەم- نامەگەلی عیرفانی، ئەو نامانەن کە بە شێوەی چیرۆکگەلێکی شهودیی نووسراون، چیرۆکی پەروەردەیی و رەمزیی و مێژوویین وەک چیرۆکەکانی (نامەی باڵندە، شەققەی باڵەکانی جوبرەئیل، ئەقڵی سوور، رۆژێک لەگەڵ کۆمەڵەی سۆفییان، نامەیەک لەبارەی منداڵییەوە، موئنیسی عوششاق، زمانی مۆران و چریکەی سیمرغ).
سێیەم- سورەوەردی دوو نامەی تریشی هەن (بستان ئەلقلوب و یەزدان شناخت) کە هەندێ جار گومانیان لەسەر بووە هی سورەوەردی بن، بەڵام سورەوردی خۆی باسی ئەوەی کردووە ئەم نامانە هی ئەون، هەروەها هێنری کۆربەن دەڵی من و سەید حوسێن نەسر گومانمان نییە ئەو چیرۆکانە هی سورەوەردین، چونکە هەڵگریی سیماگەلی (تەریقەتی سورەوەردین). دوا نامەیشی کە (نامەی ئەبراج)ە، بە زمانی عارەبی نووسراوە، بەڵام لە پۆلێنکردندا لەگەڵ نامەگەلی عیرفانی دادەندرێت.

بەشێک لە پێشەکییەکی درێژ، بۆ کتێبی چوارەمم لە بارەی سورەوەردی بە ناوی (فریشتەی سوری سورەوەردی) کە هیودارم ئەمیش رووناکی ببینێت

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *