نڤێسین: سەرکەوت سەوادى

ئایا نوسەرەکانی ئەمڕۆ بەهەمان شێوەی “نوسەرە کۆنەکان” مەبەستم لە کۆن بەمانای (مێژوو)یەکە خۆیان وەک مۆمێکن، کە دەیانەوێت ڕوناکی و ڕۆشنایی پەخشی چواردەوریان بکەن و خۆشیان هێواش هێواش بسوتێن و بتوێنەوە؟ یان نوسەرەکان سەر لە خەڵک دەشێوێن و ڕووەو ئامانجە بوودەڵەکانیان توڕیان دەدەن؟
ڕۆشنایی پەخش کردن بە دەورووبەر کاتێک مانا بەخش دەبێت، کە نوسەر بەو ئامانجە بنوسێت و ڕوناکایی ببەخشێ کاتێک خۆی لە تاریکدا ببینێت و هەوڵبدات و ئەو هەستەی لا دروست بێت کە بۆ دیتنی چواردەوری خۆی پێویستی بە ڕوناکی و ڕۆشنایی هەیە….

بەڵام ئایا نوسەر بەڕاستی هەمان نیەتی هەیە؟
ئایا ئەو خۆبە بە خاوەنی ڕوناکی و ڕۆشنایی دەزانێ؟
یان خۆی بەخاوەنی حەقیقەت دەزانێت و هەوڵدەدات چواردەوری خۆی ڕووەو ئەو حەقیقەتە پەلکێش بکات؟

زۆرێک لە (نوسەر)ەکان لەئێستادا ئەو بانگەشەیە دەکەن، بەڵام بە بۆچوونی من یەکەم جار نوسەر پێویستە خۆی لە ناو تاریکی ببینێت، ڕێک پێچەوانەی ئەوانەی چواردەوری.
بانگەشەی ” من دەزانم ” یەکێکە لە خراپترین و بێ بنەماترین دەربڕاوەکان، کە زۆرێک تێیکەوتوون و بێ ئەوەی هەست بەوە بکەن کە دووچاری وەهم بوون!….
“نوسەری واقعی” هەمیشە هەست دەکات ئەو لەناو تاریکدا نقوم بووە و هەوڵی خۆ دەربازکردن دەدات، یان هەوڵدەدات ئەو شتانەی بە یەقینی و بەڵگە نەویستی لە لایەن چواردەر قبوڵکراوە، ئەو هەوڵدەدات بیانخاتە بەر نەشتەری پرسیاری جەوهەری……
نوسەری واقعی دەست دەکات بە پرسیاری وەک:
( هونەر چییە؟ ) (ئازادی چییە؟)
(بنەمای خۆپەرستی بۆ لەمرۆڤدا دروست دەبێ؟)
( ئەرکی زانکۆ و مامۆستا چییە؟) (چ پێوەرێک گونجاوە بۆ هەڵسەنگاندنی بانگەشەکارانی مەعریفە؟ )
(دادپەروەری چییە و چۆن دێتە ئاراوە؟) (مرۆڤبوون چییە؟)
( لە پێناو چیدا دەنوسین؟) (خۆشەویستی چییە؟ )
(ئایا ئەوانەی بە ڕۆشنبیر و نوسەر ناسراون لەم سەردەمەدا بە واقعی هەمان مۆرکیان تێدایە؟ )
ئەوانە و چەندین پرسی تر… “نوسەر و مرۆڤی بەئاگا” هەمیشە ئەو بەها و بنەما مەعریفیانەی کە بوونیان هەیە و کراونە پێوەری ڕاستی و دروستی لەناو نوخبەی نوسەران،تاڕەدەیەکیش کۆمەڵگە، ئەوە ئەو هەوڵدەدات بە ئاویلکەی گومانەوە لە هەموویان ڕابمێنێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *