سه‌ركه‌وت سه‌وادى/ ماموستايێ زانكۆيێ


لەو وتەیەی Craig Murray دەست پێدەکەم کە دەبێژێت: ” لە بیر نەکەی ڕۆژێک دێت هەر دەمری “. من پێموایە ئەوەندەی خەریکین بۆ توێژینەوە ناسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ڕێگەچارە و ڕێگریەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لەپێناو سەلامەتی و مانەوە لە ژیان، واتە هەر چۆنێک بێت ڕێگری بکەین لەوەی نەمرین. لێ ئەوانەی دەجەنگن بۆ ئەوەی نەمرن، واتە مردن وەک سیستەمی سروشتی نابینن، بۆیە پێویستە تەرکیز لە سەر ئەو خاڵەش بکەین گریمان ” کەسێک دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا ببێت سەدا سەد دەمرێت، ئەو کەسەشی کە دووچاری ڤایرۆسی کۆرۆنا نابێت سەدا سەد هەر دەمرێت” بەڵام کێشەکە لە کاتەکەیدا. ئەوەی من زیاتر نیگەران دەکات چاوەڕوانی خەڵکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لێرە پرسیارێک خۆی زیت دەکاتەوە ئەویش ئەوەیە، ئایا ئامانج و هەدەفی مرۆڤی ئێستا چییە لە ژیاندا؟ ئایا دەبێ ئێمە ئەو باوەڕەمان هەبێت کە زانستی پزیشکی بتوانێت چارەسەری هەموو نەخۆشیەک بکات؟ زۆرێک لە زانا و بیرمەندان هەوڵی بێوچان دەدەن بۆ ڕێگری کردن لە پیربوون، وە ئەو پارەیەشی خەرجی ئەو بابەتەی دەکەن چەند بەرامبەر زیاترە لەو پارەیەی خەرجی ڤایرۆسی کۆرۆنای دەکەن. بەڵام ئایا کۆتایی ڕێگەی مرۆڤ تا کوێیە؟ ئایا هەموومان دەمانەوێت 100 ساڵ بژین یان کەمێک زیاتر لە 100ساڵ؟ بۆیە دەبێ ئەو واقعیەتە لە بیر نەکەین و قبوڵی بکەین کە ڕۆژێک دێت هەر دەمرین. لە لایەکی ترەوە ئەو ئامارانەی بڵاو دەکرێنەوە دڵنیاتان دەکەمەوە هەمووی ڕاست نییە، چونکە بە بۆچوونی من زۆرێک لە خەڵکی هەیە دووچاری ئەم کۆرۆنا بوون و بێ ئەوەی کەس پێی بزانێت کۆرۆناشیەتی وەک هەر ئەنفلۆنزایەکی تر یان هەڵامەت و سەرمابوون ئاسایی لێی ڕزگاری بووە، بێ ئەوەی ڕاگەیاندنەکانیش بیکەنە هەواڵێکی بەپەلە! لەلایەکی ترەوە من دژی خۆپارێزی نیم، پێم باشە مرۆڤ تادەتوانێ پاک و خاوێن بێت و هەموو ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی جێ بەجێ بکات، بەڵام مرۆڤیش ئەوەندە لاواز و بێهێزنییە نەتوانێ ڕووبەڕووی ئەو ڤایرۆسە ببێتەوە، بەڵگەشم بۆ ئەو قسەیەم ئەوەیە، تا ئێستا دەرمانی دژە کۆرۆنا نە دۆزراوەتەوە، بەڵام زۆرینەی تووشبوان چاک بوونەتەوە. ڕۆژێکیش دێت ئەم ڤایرۆسە وەک یادگاریەک باس دەکرێت لە ناو خەڵکدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *