ئەبێت کاسەی سەری خۆم پڕکەم لە شەراب
وەک دێوانە بە شەقامەکاندا بڕۆم.

ئەم شارە دڵی لە ئاسن و بەردە
ژیان هەتا ئەگاتە مردن
لە سەرئێشەیەکی درێژخایەن زیاتر نییە.

کۆمەڵێک خەڵکی نەفام لەم دواییانەدا
من وەک مرۆڤێکی ڕەشبین ئەبینن
بەڵام من سەرفی نەزەرم هەیە
ئەزانم ئەوان هێشتا لەناو جیهاندا نین.

ئەبوایە ئاگادارتان کەمەوە
ژیان چییە
ئاخر نازانم لە ڕاستیدا ژیان چییە
من دڵم تەنگە، ئەترسم ئەمە ژیان بێت.

بڕیارم داوە چیرۆکێک بنووسم
من ئادەم دروست ئەکەم
ئادەمێک ترس لە دڵیا نەبێت.

ئارەزوەکانت مەشارەوە لە جیهان
هەموو کەسێک لەناو خودی خۆیدا بەند کراوە
من ئەو کەسەم بەندیخانەکان ئەشکێنم.

مرۆڤ ئەخەمەوە ناو جیهان
ئەمەی من ئەیڵێم هەمان ئەو شتەیە کە (ڕۆمی) کردوێتی
بەڵام ئەو دەرگای ئەم بەندیخانەیەی شکاند بەسەر نوری خودایا و
من دەرگا لەسەر نوری جیهان ئەکەمەوە.

ئەی ئینسان بەوەدا بزانە خۆتیت
ڕۆژگار ئازارت ئەدات.

من دیار نیم
بۆیە ناتوانیت بمبینیت
ئەبێت مرۆڤ نهێنی بوونی خۆی بدۆزێتەوە پێش ئەوەی بمرێت.

ئەوانەی باڵیان نییە بفڕن لە سەرەتاوە مردوون
ئەگەر مردن ژیانی ڕاونەنایە ئادەمیزاد ئەبوو بە پەنگ
.

دەرد و ئازاری من لە دڵمەوە هەڵ ئەقوڵێت
چارەسەری ئەو ئازار و دەردانەی لە دڵەوە دێنە دەرەوە گرانە.

لێ گەڕێن با هەموو شتەکان بە سەرماندا ڕووبدات
بەهێزتر ئەبین
لەولاترەوە شوێنێکە پێ ئەڵێن ژیان
ژیان هەمیشە لەولاترەوەیە،
ئەگەر ئەتانەوێت بۆ دڵەڕاوکێ بڕۆن
یاخود بۆ مانایەکی تر لەو لاوە بڕۆن
مەبن بە مناڵی هیچ کەس
لە ڕەچەلەکی خۆتان هەڵگەڕێنەوە.

ئاخر با توڕە نەبم
کە توڕە بووم
خۆر ئەکوژێنمەوە
نور لە مانگ ئەبڕم
تەنها شەش ڕۆژم بەسە جیهان بەتاڵ بکەمەوە
خودایە ببورە.

نۆڤەمبەری 2011
سلێمانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *