نووسين: د. كوچه‌ر بيركار/ زانايى كورد له‌ بوارى ماتماتيك

زۆرێ لە خوێندکارانی کورد داوای یارمەتیم لێ ئەکەن بۆ ئەوەی بتوانن لە دەرەوەی وڵات بە تایبەت لە بریتانیا بخوێنن. ئەم وتارە بۆ ڕوون کردنەوەی چەند خاڵێکە سەبارەت بەم بابەتە.

1. ئەگەر بەڕاست بەتوانا بی ئەتوانی وەربگیڕێ لە زانکۆ باشەکانی دنیا، بەتایتەب لە ئاستی دوکتورا. بەڵام ئەمە ئاسان نییە و ئەبێ کۆڵنەدەر بی و بە شوێنیەوە بی تا لە زانکۆیە وەرئەگیرێی.

2. زانکۆی باش لە زۆرێ‌ لە وڵاتان هەن و لە زۆریشیان خوێندن بە خۆڕاییە. لە بریتانیا و ئەمریکا خوێندن بە پووڵە و بە بێ سکۆلارشیپ بۆ کورد باش نییە. لە فەرانسە، ئاڵمان و وڵاتانی تری ئەورووپا زانکۆی زۆر باش هەن و خوێندن پووڵێکی زۆر کەمی ئەوێ و لە زۆر زانکۆ سکۆلارشیپ هەیە بۆ خوێندکارە باشەکان. لە وڵاتانی ئاسیا وەکوو چین، ژاپۆن، سینگاپۆر، کورە و تایوان زانکۆی زۆر باش هەن و وەرگیران ئاسانتریشە لە چاو زانکۆکانی رۆژاوا.

3. لە زۆر زانکۆ ئەتوانی دوکتورا بە ئینگلیسی بخوێنی و پێویست ناکا زوانی وڵاتەکە بزانی.

4. سکۆلارشیپی تایبەت بە خوێندکارانی کورد هەن بەڵام زۆر کەمن. بۆ وێنە ئەنستیتۆی کورد لە پاریس هەموو ساڵێ چەند سکۆلارشیپێ ئەبەخشێ بۆ خوێندن لە فەرانسە. خۆیشم داوام کرد لە حکومەتی هەرێم کە ساڵانە چەند سکۆلارشیپێ بدا بە خوێندکارانی کورد بە هاوکاری دەستەیە زانستوان بەڵام هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە.

5. من هیچ دەسەڵاتێکم نییە کە بڵێم بە زانکۆیەک تەنانەت زانکۆی کەمبریج کە کەسێک وەربگرێ بۆ خوێندن، تەنیا ئەو کەسانە نەبێ کە ئەیانەوێ دوکتورا لە بەشی بیرکاری لە کەمبریچ بخوێنن لەگەڵ خۆم. ئەو کەسانەش ئەبێ زۆر زۆر بەتوانا بن.

6. کورد بوون و لێقەوماوی بنەما نییە بۆ وەرگیران لە زانکۆکان. چەند سکۆلارشیپێک هەن بۆ کەسانی لێقەوماو بەڵام زۆر کەمن.

7. بەتوانا بوون بنەمایە بۆ ەرگیران. پێوەری بەتوانا بوون نمرە، خەڵات، و چالاکییەکانی ترە. بۆ وێنە ئەگەر لە بابەتێ باش بزانی و پرۆژەیەکت لە سەری نووسیبێ یا لیکۆڵینەوەت ل سەر کردبێ ئەوا ئاسانتر وەرئەگیرێی.

8. بۆ وەرگرتنی زانیاری و یارمەتی سەبارەت بە پرۆسەی داواکاری خوێندن لە زانکۆکان ئەتوانی سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکەی کە بە تایبەتە بە خوێندکارانی کورد: https://www.zeelamo.com

9. زۆر خوێندکاری کورد بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوونەتە وڵاتانی تر بۆ خوێندن. ئەگەر تۆ یەکێکی لەوانە تکایە لە خوارەوە بنووسە چۆن وەرگیرای تا ببێتە نموونە بۆ کەسانی تر.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *