“بەختیار عەلی”

*جارێکیان فیکتۆر هۆگۆ لەوەسفی مۆسیقادا دەنوسێت و دەڵێت “مۆسیقا، ئەو شتەیە کە بە وشە ناوترێت، بەڵام شتێکیشە هەر دەبێت بوترێت”. لە ڕۆژانی ڕابوردوودا و بەگەڕانەوە بۆ ئەو بۆچوونەی فیکتۆر هۆگۆ، نزیکییەکی گەورەم لە نێوان مۆسێقا و شۆڕشدا بینی، شۆڕشیش ئەو شتەیە کە باش ناتوانێت بدوێت، ناتوانێت بە ڕۆشنی خۆی لە وشەدا کۆبکاتەوە، بەڵام شتێکیشە دەبێت ڕووبدات و بوترێت. جیاوازییەکە لەوەدایە مۆسیقا بەبێ وشە دەتوانێت بەڕوونی تەعبیر لە خۆی بکات و شۆڕش نا، شۆڕش پرۆسەیەکی مێژووییە کە پێویستی بە زمان هەیە، مەحکومە بە زمان… زمانیش کورت ناکرێتەوە بۆ داواکاری و هوتاف و دروشم، ڕاستە شۆڕش لەساتێکدا لەو زمانە ڕاستەوخۆیەدا خۆی دەبینێتەوە. بەڵام شۆڕش هەمیشە ئاماژەیە بۆ شتێکی قووڵتر، بۆ جێگایەک هەم لە ناخی مرۆڤ و هەم لە ناخی کۆمەڵگادا کە بێدەنگ بووە. شۆڕش تەعبیرە لە بەشە بێدەنگەکانی ناو ناخمان، لێرەوە هەموو شۆڕشە ڕاستەقینەکان پەیوەندییەکی قووڵیان بە بێدەنگییەوە هەیە، چونکە تەعبیرە لە دۆخێکی ڕۆحی کە پێشتر نەیتوانیوە لەسەر ئاستێکی باڵا تەعبیر لە خۆی بکات.

*شۆڕش ئەوە نییە هەمووان سادە قسەبکەن و دژی ڕژێمێکی سیاسی هوتاف بکێشن، شۆڕش ئەوەیە چەندەها زمانی جیاواز لەدایکببێت، هوشیاری لە کۆت و پێوەندەکانی خۆی دەرچێت، خەیاڵ و فەنتازیاکانی ئینسان بەڕوونی قسەبکەن، خەونی ئەو نەوانەی کە دێن، بە ئاشکرا تەعبیر لە خۆیان بکەن… شۆڕشی ڕاستەقینە تەنیا ڕەخنە نییە لە کۆنزەرڤاتیزمی سیاسی، بەڵکو ڕەخنەشە لە کۆنزەرڤاتیزمی ئەدەبی و فیکری و ئەخلاقی، لە کوشتنی زمان، لە سادەکردنەوەی تێڕوانین، لە نزمکردنەوەی هوشیاری بۆ ئاستە هەرە سادە و بێتواناکانی… جەوهەری شۆڕش تەنیا ڕەخنەگرتن نییە لەو دەسەڵاتەی کە هەیە، بەڵکو گەورەکردنی ئازادی ئینسانە… ئازادیش دەبێتە وشەیەکی بێمانا، دروشمێکی بۆش، وشەیەکی بێناوەڕۆک گەر لە سیفەتە دەستەجەمعییەکانی نەترازێت و سیفەتێکی سوبێکتیڤی و فەردی وەرنەگرێت.

*ئەگەر شۆڕش نەتوانێت ڕوون تەعبیر لە خۆی بکات، ترسناک نییە، بەڵام ترسناکە گەر تەعبیری لە خۆی کرد و زمانی لە ئاستێکدا دیلکرد و هوشیاریمانی پڕکرد لە حوکمی پێشوەخت و خەیاڵمانی لە قاڵبدا. ترسناکترین سەرەتا بۆ شۆڕش، خنکاندنێتی بە بەلاغەت… نوقمکردنی زمانی شۆڕش بە وتار و بە حەماسەتی ڕیتۆریکی، کوشتنی ڕۆحە ڕادیکالە قووڵەکەیەتی. چونکە ئەوەی چەپێنراوە و دەبێت بێتە دەرێ تەنیا بە زمانێکی فیکری قووڵ و زمانێکی تایبەتی داهێنان دێتەدەرێ، بە ئازایەتییەک دێتەدەرێ کە دەبێت لە ئاستی بەکارهێنانی زمان و بیرکردنەوەدا دەربکەوێتەوە … بەدرێژایی مێژوو ئازایەتی ڕاستەقینە، ئازایەتی بووە لە ئاستی بەکارهێنانی زماندا، هەر لێرەشەوەیە کە شکسپیر لە هەموو سەرکردە و قارەمانەکانی ئینگلیز نەمرترە و تۆلستۆی لە قەیسەرەکان و جەنگاوەرەکان و شەڕکەرەکانی ناو مێژوو زیاتر دەژی. مەرج نییە شۆڕش ئایدۆلۆژیای هەبێت، بەڵام مەرجە کۆمەڵێک سەمبول و بتی هەبێت بیشکێنێت، ئەو سەمبول و بتانەش تەنیا سەمبول و بتی سیاسی نین، بەڵکو تەواوی ئەو تۆڕە گەورەیەن لە حەرام و حەڵاڵ، لە موقەدەس و ناموقەدەس کە لە خەیاڵی ئێمەدا خەوتووە.. هیچ شتێک وەک زمانی ڕیتۆریک شۆڕش لە مانا جەوهەرییەکەی ناکاتە دەرەوە و جۆرێک لە ڕادیکالییەتی بۆشی ناخاتە جێگا.

*هێزێک هەیە کە ناهێڵێت شۆڕش لەسەرجادەکانەوە بەرەو هوشیاری ئینسان بگوازێتەوە، ناهێڵێت زمان لە ڕیتوریک و گەمەکانی بەلاغەتەوە بەرەو تێڕامان و خەونبینین و بیرکردنەوە بپەڕێتەوە. ئەو هێزەش ئەوانەن کە ئامادەن بەجۆرێکی تەکتیکی هەندێک موقەدەسی سیاسی بشکێنن، بێئەوەی بوێرن یان بتوانین دەست بۆ کۆی سیستمەكە بەرن.

چەند پارچەیەك لە گوتاری «شۆڕش و زمان».

ئه‌ڤ گۆتاره‌ ژ ڕۆپه‌لێ تایبه‌ت یێ نڤیسكارى بخۆ ل تۆرا جڤاكییا فێسبۆكى هاتییه‌ وه‌رگرتن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *