به‌ختیار عه‌لی‌

* ئۆردوگانییەت بەرەنجامی کۆکردنەوەی قۆناغە جیاواز‌ و ڕەهەندە جیاوازەکانی ڕۆحی فاشیزمی تورکییە، سێنتێزی باڵای ئەو فاشییەتەیە کاتێک هەوڵدەدات بەسەر ناکۆکییەکانیدا زاڵ بێت و چەمکە دژەکانی خۆی یەکبخات و کۆلاجێکی نوێ لە شتگەلێکی کۆن دروستبکات، لە یەکدانی ڕۆحی تورکیای عوسمانییە لەگەڵ تورکیای ئەتاتورکدا لە یەک یەکەی نوێدا… لە کەسی ئۆردوگاندا عەقڵی سوڵتان و عەقڵی جەنراڵ لە چاکەت و پانتۆڵێکی خۆرئاواییدا کۆدەبنەوە. لە بنەڕەتەوە ئۆردوگانییەت بۆ مەکیاجکردنی ئەو ڕۆحە فاشستییە تورکییە هاتووە، بۆ خۆرهەڵاتیانی هاوچەرخ کە دینگەرایی تێیاندا بەهێزە‌ و توندڕەوی دینی و تایفی لە ترۆپکی خۆیدایە ئیسلامی سوننە کەرەستەی سەرەکی مەکیاژی ئەوە، بۆ خۆرئاوا‌ و لیبراڵەکانیش وشەگەلی دیموکراسیەت و برایەتی چەکی سەرەکین، بەڵام دیموکراسییەتی ئۆردوگانی سنوورەکانی تا ئەو جێگایە دەڕوات کە ڕۆحی فاشیزمی تورکی ڕێگای پێدەدات، تا ئەو جێگایەی بەبێ ئەو بڕە لەدیموکراسییەت تورکیای پڕ لە ناکۆکی لە بەر یەک دەترازێت. سەرەتا داپۆشینی ڕۆحە توندوتیژەکەی ناو کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و کۆمەڵگای تورکی دەبێت بە ئامانجی گەورەی ئەم پیاوە، بەڵام وەک هەموو فاشییەک ڕەشەکوژییەکانی خۆی بە ڕەوا‌ و هی ئەوانی دی بە ناڕەوا دەزانێت.

* پاییزی ساڵی 2009 لە تەلەفزیۆنی تەرەتەوە ڕستەیەکی گووت کە تەواو جەوهەری فاشیستیانەی بیرکردنەوەی ئەم سیاسەتمەدارە دەردەخات، لە کاتێکدا قسە لەعومەر بەشیری سۆدان بوو، ڕەجەب تەیب گووتی «موسڵمان هیچ کات جینۆساید ناکات، نابێت غەزە‌ و دارفۆر تێکەڵاوبکەین». ئەمە ڕووی ڕاستەقینەی ئایدۆلۆژیای ئۆردوگانییە… کە وەک هەموو ئایدۆلۆژیا فاشیستییەکان پڕە لە ساویلکەیی سیاسی، بەپێی هەمان لۆژیکی ئۆردوگانی نابێت کورد کوشتن و فەلەستینی کوشتن تێکەڵاوبکەین. بێئەوەی هیچ لە تاوانە گەورەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل بەرامبەر غەزە کەمبکەمەوە، کە زۆریان تاوانی ئەوپەڕی نامرۆڤانەن، بەڵام بە پێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەساڵی 2003ـەوە تا 2008 لە دارفۆر 300 هەزار کەس کوژراون و دوو ملیۆن و نیو ئاوارە بوون، کەچی بەبڕوای ئۆردوگان ئەمە چونکە دەستی موسڵمان کردوێتی ناشێت بەجینۆساید ناوببرێت، جینۆسایدکردن تەنیا سیفەتی ناموسڵمانانە، لە جیناتەکانی ئەواندا هەیە، بەڵام موسڵمان کاتێک دەکوژێت بەرگری لەدینەکەی دەکات. ئۆردوگان بەخۆدزینەوە لە بەراوردکردنی غەزە بە دارفۆر، هەم لە مێژووی دەوڵەت و خەلافەتە ئیسلامییەکان و هەم لە مێژووی خودی تورکیا ڕادەکات. ئۆردوگان بە دەستێک هەڵگری خەونی سوڵتانەکانی تورکیایە و بەدەستێکیش هەڵگری خەونی ئەتاتورکە، هەردوو ئەم خەونە و پایە ئایدۆلۆژی و دینییەکانیشی لەسەر دەریایەک خوێن ڕاگیراون. بۆ ئەوەی شەرعییەت بگێڕێتەوە بۆ ئەم دوو خەونە، دەبێت مەکیاجیان بکات، دەبێت ڕابوردووی خوێناویان بڕازێنێتەوە. ئەو دیوێکی تری ئەو جۆرە لە ناسیونالیزمی دینییە کە گووتاری نەتەوە‌ و دین لە یەکدەدەن.

* گووتارێک پێشتر لە مۆدێلە عەرەبی و فارسییەکەیدا بینیمان، ئۆردوگان هیچ شتێکی جەوهەریی نییە بیخاتە سەر ئەم دوو مۆدێلە، جگە لەوەی چینێکی ئەستووری مەکیاجیان بخاتە سەر‌ و هەوڵبدات بۆ خزمەتکردن بەو خودە ناسیونالیستە هەڵاوساو‌ و پڤکردوەی تورک ئامادەیانبکاتەوە کە دیکتاتۆرێکی وەک ئەتاتورک سەوزیکردوە. وەزیفەی سەرەکی ئۆردوگان پێکۆڵکردن و رێگا خۆشکردنە بۆ جێبەجێکردنی ئەو خەونە لەڕێگای لەیادکردن و سڕینەوەی ڕابوردووە خوێناوییەکەیەوە. ئۆردوگان وەک هەموو ئەتاتورکییەکانی تر، پایەکانی گووتارەکەی لەسەر بە فریشتە شوبهاندنی تورکیا ڕادەگرێت و وەک هەموو ئسوڵییەکیش کە ناوێرێت سەیری مێژووی ڕاستەقینە ئیمانی خۆی بکات بە فریشتە شوبهاندنی ئیسلام «نەوەک دیموکراتیزەکردنی» دەکاتە ئامانجی خۆی. لۆژیکی ئۆردوگان لۆژیکی هەموو فاشی و ڕاسیستەکانی دونیایە، ئۆردوگان لەسەر ئەو بابەتە ئیشدەکات کە تورک و ئیسلام بەجەوهەر باشن، لەبەرئەوە هەرچییەکیش ئەم دووانە بیکەن ناکرێت خراپ بێت. پایەی مۆدێلی ئۆردوگانی لەسەر دروستکردنی وێنەی فریشتەیەک دروستبووە کە ناوی «تورکی موسڵمانە». ساڵی 2009 کە هات بۆ کۆڵن ئارینا، لەوێ ڕوون ئەو نیگارە فریشتەییەی بە تورکان بەخشی «مرۆڤی تورک بۆ هەر جێگایەک بچێت و ڕوو لە هەر کوێیەک بکات، تەنیا خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و هێمنی و ئاسایش لەگەڵ خۆی دەبات، کینە و شەڕانگیزی ئەخلاقی ئێمە نەبووە». ئەمە قسەی پیاوێکە زیندانەکانی وڵاتەکەی لێوان لێوە لە بەندی سیاسی، وڵاتێک تائێستا وشەی کوردستان تێیدا قەدەغەیە و خەڵکی لەسەر دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت.

* لەسەردەمی جەنگدا کە فاشیزمی عێراقی لە ترۆپکی سەرکەوتنەکانیدا بوو، سەدام حوسەین سەرکەوتنەکانی خۆی، بە سەرکەوتنی هەموو عەرەب و موسڵمانان دەزانی، بەشێکی جەوهەری ئەخلاقی هەموو فاشستییەک ئەوەیە ڕەهەندێکی گەردونی بدات بەسەرکەوتنەکانی خۆی، ئۆردوگان وەک موتربەکەری ئەخلاقی فاشییەت بە ئەخلاقی سوڵتانەکان و ئەخلاقی ئەتاتورکی لەم ڕەهەندە خورافییەش بێبەش نییە، ئەو سەرکەوتنی خۆی بەسەرکەوتن بۆ بەشەرییەت لەقەڵەمدەدات.
* کێشەی سەرەکی ئۆردوگانییەت، وەک کێشەی هەموو سیاسییەکانی تری خۆرهەڵات‌ و وەک زۆر لەسیاسییە گەورەکانی کورد ئەوەیە، ژێرخانی فیکری و زانستیان تەنیا بەلاغەتی درۆکردن و چەندڕوویی ڕایگرتووە‌ و هیچی تر. ڕەنگە جیاوازییەکەی ئەوە بێت کە ئۆردوگان ئاشکرا دان بەو درۆیانەدا دەنێت و بەخۆشییەوە دەیانکات، لەوساتەدا کە وەزیری دادی تورکی دەیگووت 680 زیندانی کورد لە مانگرتندان، ئۆردوگان لە بەرلین دەیگووت «تەنیا یەک زیندانی سیاسی لە تورکیا مانیگرتووە»… ئەم جورئەتە گەورەیە لەسەر درۆکردن تەنیا لای دیکتاتۆرە گەورەکان هەیە. بەڵام ئۆردوگان هیچ کات شەرمی لەدرۆکردن نەکردوە، بەتایبەت درۆکردن لەگەڵ دیموکراسییەتدا، لەساڵی 1997دا‌ و لە گەرمەی پروپاگەندەی هەڵبژاردندا‌ و بەسوود وەگرتن لە قەسیدەیەکی «زیا گۆێکاڵپ» «ئەو کوردە زازاکییەی خەڵکی دیاربەکر کە بەباوکی ناسیونالیزمی تورک و مامۆستای ئەتاتورک دەناسرێت» گووتی «دیموکراسییەت بۆ ئێمە تەنیا شەمەندەفەرێکە سواریدەبین تا دەگەینە جێگای مەبەستمان، دوایئەوە ئیتر مزگەوت پادگامانە، منارە سەرەنێزەمانە، گومەزەکان کڵاومانە و ئیمانداران سەربازمانن». سەیر نییە ئۆردوگان لە زیا گوێکاڵپەوە ئیلهام وەربگرێت، لە بنەڕەتدا ئەو باوکی لێکدانی ئیسلام و تۆرانییەتە پێکەوە، ئایدۆلۆژیای گۆێکاڵپ وەک ئایدۆلۆژیای ساتع حوسەری و میشیل عەفلەق، کە لەسەر لێکدانی ئیسلام و عروبە داڕێژرابوو، پێکوڵکەری دەوڵەتی ئەتاتورک بوو، بەڵام ئەتاتورک ئەو دیوە دینییەی گۆێکاڵپ وەرناگرێت و ئۆردوگان دێت تەواویبکات. بۆیە ئۆردوگانییەت نەوەک مۆدێلێکی نوێ نییە، بەڵکو شەرابێکی کۆنە لە شوشەیەکی کۆنیشدا.

* ئۆردوگان نەوەک مۆدێلێکی نوێ نییە، بەڵکو لە یەکدان و کۆبوونەوەی هەموو ئەو ڕەهەندە تاریکانەی ناو مێژووی خۆرهەڵاتە لە پیاوێکدا، کە ئاوێتەیەکە لەڕۆحی بەزیوی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، لە کینەی ئەتاتورکی، لە کولتووری ژەنراڵەکان، لە ڕۆحی هەوکردوی ناسیونالیستە تورکەکان، لە سەفستائییەتی خواجا‌ و فەقێکان. هیچ ئاماژەیەک لە کردەوە‌ و گووتاری ئۆردوگانیدا نییە پێمان بڵێ، ئۆردوگان ڕزگارکەری تورکیایە لە کولتووری ناسیونالیستی و خوێناوی خۆی، بەڵکو هەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوەن کە ئەم پیاوە سنتێزی فاشییەتی تورکییە کاتێک دەیەوێت هەموو ڕەهەندە جیاواز و دژەکان لە یەک یەکەدا کۆبکاتەوە.

چه‌ند به‌شێك له‌ گوتاری‌ «ئایا ئۆردوگانییەت مۆدێلێکی نوێیە؟».

ژ مالپه‌رێ فه‌رمیێ نڤیسكار و ڕۆماننڤێسێ كورد (به‌ختیار عه‌لى) هاتییه‌ وه‌رگرتن.

Bachtyar Ali

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *