حەمە مەنتک

ڕۆمان وەکوو ژانرێکی ئەدەبی، دەکرێ وەکوو توێژینەوەی ئەدەبی تەماشا بکرێت. دەمەوێ بڵێم، کە هێندێ فەیلەسووف ڕۆمانیان نووسیوە، بەڵام لە جیاتی ئەوەی بە توێژینەوەیەکی فەلسەفی، یان ئەدەبی تیۆرەکانیان دەرببڕن، هاتوون بە ڕۆمان ئەو کارەیان کردووە. کەواتە دەکرێ وەک توێژینەوەیەک لە ڕۆمان بڕوانین کە چۆن دەتوانێت واقیعمان بۆ کەشف بکات. لێرەدا چەند نموونەیەک لەو ڕۆماننووسانەمان هەن کە بە ڕۆمانەکانیان فەلسەفە و تێزەکانی خۆیان نووسیوە، بۆ ئەوەی ئەو باوەڕەمان لە کن بچەسپێت، دەکرێ ڕۆمان وەک توێژینەوەیەکی سایکۆلۆجی، سۆسیۆلۆجی، کولتووری و بوونناسانە ببینین. بۆ نموونە (ژان پۆڵ سارتەر) بە ڕۆمانی (هێڵنج)، (ئەلبێر کامۆ) بە ڕۆمانەکانی (تاعوون) و (کەوتن) و چەندانی دیکە.

ئەوەی جێی دڵخۆشییە ڕۆماننووسانی کوردیش لەم زەمەنەدا ڕۆمان لە گێڕانەوەی چەند ڕووداو و چیرۆکێکدا کورت ناکەنەوە، بەڵکوو دەیکەنە بوارێک بۆ توێژینەوەی بواری سۆسیۆلۆجی، سایکۆلۆجی و مێژوویی. قسەکردن لەبارەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، نیشاندانی ململانێکانی ئەم دوو جەمسەرە چ لەڕووی ئایینی، زانستی و کولتوورییەوە لە ڕۆمانی زۆر لە ڕۆماننووساندا ڕەنگی داوەتەوە. بۆ نموونە (ئۆرهان پامۆک) لە ڕۆمانەکانی (قەڵای سپی)، (بەفر) زۆر بە وردی لەبارەی ئەم دوو جەمسەرەوە پەیڤیوە. سوودوەرگرتن لە مێژوو یەکێکە لە خاسیەتەکانی نووسینی ڕۆمان لە کن (جان دۆست)، خوێنەر ڕۆمانەکانی دەتوانێ وەکوو توێژینەوەیەک بخوێنێتەوە.

ڕۆمانی (مارتینی بەختەوەر)ی (جان دۆست)، کە وەرگێڕی بە توانا (سەباح ئیسماعیل) کردوویە بە کوردی، ڕۆمانێکە پانتایی ئیشکردنی فراوانترە، بەوەی ڕۆماننووس تەنێ لەبارەی نەتەوەیەکی وەکوو کورد ناپەیڤێت، بەڵکوو باسی دوو جەمسەری دژبەیەک دەکات. لەم ڕۆمانەدا ڕووداوەکان لە ڕۆژئاواوە بەرەو ڕۆژهەڵات ڕوودەدەن.

کارەکتەر کەسێکی ڕۆژئاواییە و بەدوای بەختەوەریدا بەرەو ڕۆژهەڵات بەڕێ دەکەوێت. هەر لەسەرەتاوە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم دوو جەمسەرە بوونەتە قوربانی کۆمەڵێ تیڕوانین. بۆ نموونە تێڕوانینی ڕۆژئاوا بۆ ڕۆژهەڵات بارگاوییە بە کۆمەڵێ ئایدیۆلۆجیا، هی ڕۆژهەڵاتیش بۆ ڕۆژئاوا بە هەمان شێوەیە. بۆیەش وەکوو (ئیدوارد سەعید) لە کتێبی (ڕۆژهەڵاتناسی)دا ئاماژەی بۆ دەکات، ئەم ڕۆژهەڵاتەی ئێمەی تێدا دەژین بە ڕۆژهەڵاتی کراوە. چونکە ڕۆژئاوا خۆی بە سێنتەری عەقڵ و پێشکەوتن دادەنێ و هەموو کولتوور و شارستانیەتی ڕۆژهەڵات ڕەتدەکاتەوە. بۆیەش دیمەنی کۆچی خەڵکی ڕۆژئاوامان بۆ دەکێشێت، کە چۆن خەڵک لە دەست جەنگی نێوان مەزهەبەکانی مەسیحییەت ڕادەکەن. لەم زەمەنەی ئێستادا خەڵک بە پێچەوانەوە لە ڕۆژهەڵاتەوە بە هۆی ململانێ و جەنگی نێوان مەزهەبەکانی ئیسلام ڕادەکەن.

دواتر بەهۆی شەڕی ئایینەوە دوو جەمسەر دروست دەبێت، جەمسەری ئیسلام کە عوسمانییەکان ڕابەرایەتی دەکەن و جەمسەری مەسیحییەت کە خاچهەڵگرەکان ڕابەرایەتیان دەکرد. قووڵترین جەنگ، کە لەم ڕۆمانەدا وێنا کرابێت، ئەو جەنگەیە لە خانەکەی سەفەرشادا بەرپا بووە. موسڵمان و مەسیحییەکان جەنگێکی خوێناوی دەکەن. ئەوەی جێی تێڕوانینە، ڕۆماننووس دەیەوێت ئەوەمان نیشان بدات کە ئەوەی رۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بەڕێوە دەبات، ئایدیۆلۆجیا و ئایینە، نەك جەنگی نێوان دوو دوژمن. واتە ئەوە جەنگی نێوان ئایینەکانە، ئایدیۆلۆجیاکانە، نەک خودی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.

لەڕووی هونەرەکانی گێڕانەوەوە، ئەم ڕۆمانە جوداواز لە ڕۆمانەکانی دیکەی (جان دۆست) نووسراوە. یەکێک لە پنتە هونەرییەکانی ئەم ڕۆمانە، بوونی پەراوێزە وەک بەشێک لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان. لە زۆربەی شوێنەکان، کاتێک ناوی کەسێک دەهێنرێت، یان شوێنێک، یان ڕووداوێک، ئەوا وەگێڕ لە پەراوێزدا بە وردی قسەی لەبارەوە دەکات. بە بڕوای من ئەم تەکنیکە دوو ئەرکی هونەریی جوان جێبەجێ دەکات. یەکەمیان ئەوەیە کە ڕۆماننووس بەم تەکنیکە خۆی لە دنیایەک وەسفی درێژ پاراستووە، زۆربەی وەسفە ناپێویست و درێژەکان کەوتوونەتە ئەو پەراوێزانەوە. ئاشکرایە وەسفی درێژ دەبێتە هۆی خاوبوونەوەی ڕووداوەکان و کاتێکی زۆری خوێنەر و وەگێڕ دەکوژێت. بۆیەش ئەو وەسفانەی درێژ و لاوەکین لە پەراوێزدا جێی بۆ کردوونەتەوە. دووەمیان زۆر ڕووداوی لاوەکی هەن لەو پەراوێزانەدا باسی کردوون. ئەم ڕووداوە لاوەکیانە بە هێڵێکی زۆر باریک بە ڕۆمانەکەوە پەیوەستن. بۆ نموونە لە سەرە سەعاتێكدا کە زەنگی کڵێسا لێدەدات، لە پەراوێزدا باسی (کارڵ و جۆرج) دەکات، کە چۆن کارڵ لە بەرانبەر پارە سێکس لەگەڵ جۆرج دەکات. هەردووکیان لەناو کڵێسادا دەژین و زەنگلێدەری کڵێسان. لەلایەکی دیکەوە زۆر باسی مێژووی شتەکان هەیە لەو پەراوێزانەدا باس دەکرێن. کەواتە ئەم پەراوێزانە وەکوو تەکنیک لایەنی هونەری ڕۆمانەکەیان بەهێز کردووە.

لایەنێکی دیکەی هونەریی ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیە لەڕێی نامەوە، بەڵام نامەکان نەگەیشتوون بە هیچ کوێیەک. هەموو نامەکان لە سێ دەفتەردا نووسراون. گێڕانەوە لەڕێی نامەوە هەوڵێکە بۆ ئەوەی وەگێڕ و کارەکتەر لەڕێی نامەوە هەموو شتێک بڵێت، چونکە نامە شوێنێکی کەسییە و مرۆڤ دەتوانێت باسی ورد و درشتی ڕووداوەکان بکات. ئەم نامانە دەبنە دەنگی ناوەوەی وەگێڕ، لەڕێیەوە ڕۆشنبیری و زمان و بیرکردنەوەکانی دەزانین، چونکە ئەگەر لەڕێی نامەوە نەبێت، ڕەنگە وەگێڕی هەمووشتزان نەهێڵێت هەموو شتێک بدرکێنێت.

ئەوەی جێی تێبینییە، لەم ڕۆمانەدا کۆمەڵێ هەڵەی گێڕانەوە کراون. پێشتریش لە چەند توێژینەوە و وتاری دیکەدا هەڵەی گێڕانەوەی ڕۆماننووسانی جیهانی و کوردیم بەرباس داوە. بۆ نموونە کاتێک (مارتین) بۆ ڕزگارکردنی بازرگانییەکەی دەبێتە موسڵمان و لە حەلەب داوای لێ دەکەن خۆی سوننەت بکات، ناچار ڕادەکات بۆ بایەزید و پاشان لە خانێکی بەدلیس لە باکووری کوردستان دەمێنێتەوە. بەڵام لەوێ کەسیان نازانن بووەتە موسڵمان و ناویان لێناوە مورادەدین، زۆر جار بە مورادەفەندی ناوی هاتووە. لە لاپەڕە (236)دا سەفەرشای خاوەن خان بە (مارتین/موراد) دەڵێت: مورادەفەندی، کەمەک چاوەڕوان بە…. لە لاپەڕە (249)دا کاتێك موجاهید و پیاوەکانی بە ژوورێی خان دەکەون بۆ ئەوەی موسڵمان و غەیرە موسڵمان لە یەکدی جودا بکەنەوە، وەگێڕ/مارتین لە مێشکی خۆیدا دەڵێت: باشە هاوەڵەکانم چم پێدەڵێن ئەگەر تای موسڵمانەکان بگرم؟ ناڵێن مارتین لە ترساندا لە دین دەرچوو؟ ئەوان بە حاڵی موسڵمانبوونی من لە حەلەبێ نازانن. ئەوان نازانن کاغەزێکی مۆرکراو لەبەڕکمدایە و بەپێی ئەوە من موسڵمان بووم و ناوم موڕادەدینە. باشە مادام کەس نازانێت ئەو موسڵمان بووە و ناوی مورادەدینە، سەفەرشای خاوەن خان چۆن زانی ئەو ناوی مورادە فەندییە؟!

هەڵەیەکی دیکەی گێڕانەوە لە مێژووی نووسینی نامەکاندایە. هەموو نامەکان ناو و شوێن و ڕێکەوتی نووسینیان لەسەرە. لە زۆربەی ڕێکەوت و مێژووی نامەکاندا هەڵە هەیە. بۆ نموونە لە لاپەڕە (183)دا ڕێکەوتی (یەکشەممە 8ی ڕێبەندانی 1708)ە، بەڵام لە نامەی دواتر لە لاپەڕە (192)دا ڕێکەوتی (10ی ڕێبەندانی 1708)ی بە ڕۆژی دووشەممە داناوە، بەڵام دروستەکەی دەکاتە (سێشەممە)، چونکە ئەگەر هەشتی ڕێبەندان یەکشەممە بێت، نۆی ڕێبەندان دەکاتە دووشەممە و دەی ڕێبەندان دەکاتە سێشەممە نەک دووشەممە. هەمان شێوە لە نامەی لاپەڕە (203)دا ڕێکەوتی (13ی ڕێبەندانی 1708)ی بە رۆژی پێنجشەممە داناوە، بەڵام بەپێی ڕۆژەکانی هەفتە دەکاتە ڕۆژی هەینی. لە لاپەڕە (209) هەمان شێوە ڕێکەوتەکە دەکاتە دووشەممە، بەڵام یەکشەممە نووسراوە. بۆ مانگەکانی دیکەیش هەمان هەڵەی گێڕانەوە کراوە. لە لاپەڕە (259) نامەکە ڕێکەوتی (12ی پووشپەڕی 1708) ڕۆژی دووشەممەی بەسەرەوەیە، بەڵام لە لاپەڕە (264)دا ڕێکەوتی (29ی پووشپەڕی 1708)ی بە سێشەممە داناوە، بەڵام دروستەکەی دەکاتە ڕۆژی (پێنجشەممە). لە زۆربەی مانگەکانی دیکەیش ئەم هەڵەیە پاتە دەبێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *