نڤێسين: سه‌ركه‌وت سه‌وادى

سه‌ركه‌وت سه‌وادى

دونیای ئەمڕۆ لە ژێر دەسەڵات و هەیمەنەی سەرمایەداری دایە. هەموو شتەکان، نان، خانو، کتێب، قوتابخانە، ئەخلاق، دین، سێکس، پەیوەندی کۆمەڵاتی و سیاسی، خۆشەویسی، میهرەبانی، خۆشەویستی گشتی و….. هیتتد هەموویان مۆرکی کاڵایان بۆخۆیانەوە گرتووە، لەبازاڕ کڕین و فرۆشیان پێوە دەکرێت. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا مرۆڤەکان خۆشیان وەک مرۆڤ نابینن، بەڵکو بە شێوەی کاڵا خۆیان مانەفێست دەکەن، هەمیشە خۆیان لە چوار چێوەی نرخ دەبینەوە، لەم بارو دۆخەدا مرۆڤەکان پەیوەندی ئیحساسی و سۆزو خۆشەویستی لەگەڵ یەکتر لەدەست دەدەن، بەمانایەکی تر مرۆڤ لە ئامانجەوە دەکرێتە ئامراز، ئەمەش ڕاستەوخۆ پێچەوانەی ئەخلاق و جەوهەری مرۆڤە.
ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان وەک کاڵا سەیر دەکەن، هەوڵ و کۆششێک دەکەن تا بتوانن ئەو کاڵایی بوونەیان لەگەڵ ڕۆژ بگونجێنن تا لە بازاڕ خواست و کڕیاری زیاتری هەبێ، بۆیە مرۆڤی کاڵایی لەگەڵ بینینی مووی سپی و چرچ و لۆچی دەم و چاوی هەستێی ناخۆش و ترسناکی زۆری لێ پەیدابێ، چونکە ئیتر کاڵابوونەکەی له بازاڕ کڕیارو فرۆشیاری نامێنێ.
مرۆڤی کاڵایی هەمیشە لە گەڵ ئسترێس و ناڕەحەتی دەست و پەنجە نەرم دەکات، هەمیشە هەست بە شەرم و بچووکی دەکات، قبوڵی دەکات کە چیتر ئەو خۆشەویست و جێگای پەسندی ئەوانی تر نیە، بۆیە هەمیشە خۆیان دەخەنە دەست چەقۆی نشتەرگەری جوانکاری و مەسرەفی داو دەرمان و لەوازمی ئارایشی، تەنها بۆ ئەوەی بتوانن موشتەری و خواست بۆ خۆیان پەیدابکەن.جۆرێکی تری بەکاڵای بوونی مرۆڤ ئەوەیە کە پێچەوانەی بیروباوەڕی خۆی کردار و گوفتار ئەنجام دەدات، واتە هەمیشە پۆست و پارە ئاڕاستەی دەکەن، بەمانایەکی تر هیچ مەبدەئێکی نیە کە پێی بناسرێتەوە.
کاتێک مرۆڤەکان خۆیان بە هەر تەمەن و قەت و باڵایەکەوە قبوڵ کرد، کاتێک کەسایەتی خۆی بە جل و برگ، خانو، کار نابەستنەوە، هەروەها کاتێک خۆشەویستی، سۆز، میهرەبانی، پەیوەندی ئیحساسی، هاوڕێیەتی، نەرم ونیانی، مڕۆڤ دۆستی، ئازادی و ئازادی خۆی بە سەروەت و سامان گرێ نادات، دەتوانن ئەو بەشەی خۆشیان لە کاڵایی بوون بە دوور بگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی توانای هزری بەدەست بهێنن، تاوەکو بەرنگاری بەکاڵایی بوون ببنەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *