نڤێسين:

هیمداد محموود
سەرکەوت سەوادی

بنەمای بیری ڕاسیستی لەو خاڵەوە سەرچاوە دەگرێت کاتێك دابەشکاری خێڵەکییانەی دنیا بۆ «ئێمە و ئەوان» دەکرێتە بنەمای هەڵوێست نواندن. واتە کاتێك مرۆڤ دنیا دابەشدەکات بۆ ڕەش و سپی، باش و خراپ، خۆرئاوا و خۆرهەڵات، سپی پێست و ڕەش پێست، نێر و مێ، دیندار و بێدین.
ئەم دابەشکارییە بە هیچ بنەمایەکی زانستی پاساونەدراوە، بەڵکو تەنیا دەمارگیری بێ پاساوی خێڵەکییانەیە و دەرەنجامەکەشی کارەسات و بەرزبوونەوەی کێرڤی ڕاسیزمە لە نێو کۆمەڵگادا. ڕووداوەکانی ڕابردوو و ئەوانەشی کە لە ئێستادا ڕوودەدەن درێژکراوەی هەمان ئەو عەقڵیەتەن کە تا ئێستاش دنیای مرۆڤ ئاراستە دەکەن بەرەو تاریکی زیاتر.
ئەم ڕووداوە، پێمان دەڵێ کە کۆمەڵگاکان چەندە پێشکەوتووبن هێشتا دەرفەت و ژینگەی گەشەکردنی ڕاسیزم تیایاندا لەبارە. ئەم ڕووداوانە هیچ شوێن و کۆمەڵگایەک ناناسن کاتێك دەرفەتییان هەبوو بە خێرایی گەشە دەکەن. هەموومان لە نمونەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا ئەوپەڕی توندئاژۆیی ئەم تێڕوانینە ڕاسیستییەمان بینی کە جیهانی کردە گۆمی خوێن. هەروەها هەڵەبجە نمونەیەکی بەرچاوی قوربانی دەستی ڕاسیزمی نەتەوەییە.
نەشیاوە پێمانوابێت، ئەمانە دیاردە و ڕووداوی ناوچەیەك و جوگرافیایەك و ئایینێك و دەوڵەتێكی دیاریکراون، بەڵکو ئەمانە ڕوداوگەلێکن و زادەی عەقڵیەتێكن کە لە نێو هەموو جوگرافیا و ئایین و دەوڵەتێکدا بوونیان هەیە و هەر ئەوەندەی دەرفەتی خۆمانفێستکردنیان هەبوو ئیدی دەبنە واقعێک کە هەموومان بە دەستییەوە گرفتار دەبین. چەندە ڕاسیزم بەهێزبێت هێندەش ناسەقامگیری زیاد دەبێت، بە پێچەوانەشەوە چەندە ڕاسیزم بنبڕبکرێت هێندە دنیا سەقامگیری زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
ڕێگای بنبڕکردنی ڕاسیزم کە پێچەوانەی پێکەوەژیان و یەکترقبوڵکردنە، لە ڕێگای پەروەردەیەکی مرڤانەی هاوچەرخەوە دەبێت کە تیایدا ئەم دوالیزمەی دابەشکردنی دنیا «ئێمە و ئەوان» کۆتایی پێ بهێنێت و لەبری ئەوە فرەڕەنگی و یەکتر قبوڵکردن بکاتە بنەما و ئەو تێڕوانینە خێڵەکییە کۆتایی پێ بهێنێت کە پێیوایە ئەوەی لە ئێمە نەبێت دژمانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *