Skip to content
نڤێسين: ســـەرکـەوت ڕسوڵ حسن
ماستەر لە فەلسەفەی مۆڕاڵ
فەلسەفەی ئەخلاق لکێکی فەلسەفەیە و باس لە پرسیار و بڕیارە ئەخلاقیەکان دەکات. توێژینەوەو لێوردبونەوە لەپرسە ئەخلاقیەکان بەشێوازێکی بابەتیانەی ورد کارێکی ئاسان نیە، چونکە خودی مۆڕاڵ هەمیشە لە گۆران دایە و مرۆڤیش بلۆکێکێکی دانراوی نەگۆڕنیە و ئەویش وەک سیفەت و تایبەتمەندی بەردەوام بەرەو گۆڕان ئەکشێت، ئەمە وادەکات کە ڕەهایەتی بڕیاردان لەو پرسانەدا کە پەیوەستن بەخلاق کارێکی سەخت و نامومکین بێت، چون بڕیاری ڕەها بۆ گۆڕاو، دەبێتە هەڵەیەکی حەتمی چاوەڕوانکراو. زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر تەواوی زیندەوارانی تر و تەحەکومپێکردنی سروشت لەلایەن مرۆڤ ئەرکێکی هەنوکەیبوو کە فەلسەفە لەڕێگەی فەلسەفەی ئەخلاقەوە هەوڵی تێگەیشتنێک بخاتە گەڕ تا بەر بەکۆمەڵێک بەریەکەوتنی گەورەبگرێت و خودی ئەم چەمکە قۆرغ نەکرێت بۆ جڵەوکردنی مرۆڤ لەڕوانگەی ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراو. بۆیە”فەلسەفەی ئەخڵاق، بەکاری خۆی ئەزانێت دەخالەت بکات لەو پرسانەی پەیوەستن بەهەڵسوکەوتی تاک و کۆمەڵگە بەشێوازێکی بابەتیانەی ورد ولەپێناو تێگەیشتنێکی تەندروست.
بەڕوانین لە کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتیەکان و کوردستانیش لەو ناوەدا وەک هەرێمێکی خود موختار لە سەر دوو بنەما پرسە ئەخلاقیەکان دیاریکراون وبڕیاریان لێدراوە ئەوانیش ” داب و نەریت و دیـن” ە، بۆیە بەهیچ شێوەیەک ناتوانرێ ئەو دوو بنەمایە وەک بنەمای ئەخلاق ئەژمار بکرێن. چونکە سنوری فەلسەفەی ئەخلاق زۆر فراوەنترو لۆژیکی ترە لە ئەخلاقی داب و نەریت و دین. ئەگەر بێت و ئێمە دین و داب و نەریت وەک بنەمای ئەخلاق وەرگرین ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی مۆڕاڵی دەبینەوە، چونکە ڕاستەوخۆ دژ بەئازادی تاک دەوەستێت و ڕێگە نادات تاک مومارەسەی ئازادیەکانی خۆی بکات، لێرەوە دەمەوێ ئەو کەمێک ڕوونتر بکەمەوە داب و نەریت و دین بەو مانایە نیە کە خاڵییە لە ئەخلاق، بەڵکۆ دەکرێ کۆمەڵێک بنەمای هاوبەش هەبێ لە نێوان فەلسەفەی ئەخلاق و ئەخلاقی دینی و داب و نەریت. بەڵام ئەمە بەڕێژەیەکی دیاری کراو بوونی هەیە.
فەلسەفەی ئەخلاق لە سەر بنەمای مرۆڤایەتی و لۆژیک و ئەقڵ هەڵچنراوە، نەک وەک ئەخلاقی داب و نەریتی و دینی کە بۆ کۆمەڵێک یان گروپێک دانرابێت، لە ناو فەرهەنگی دواکەوتوودا تیرۆرکردنی کەسێتی مرۆڤەکان, بۆتە رۆتینێکی رۆژانە. هەر ئەم ئەقڵیەتەش وایکردووە کەتاکەکان هەرکات کەرامەت و کەسیەتی یەکتریان تێک شکاند ئەوە بە سەرکەوتنێکی گەورەبۆخۆیان ئەژماری بکەن.
ئەگەر بەوردی لە ئەخلاق و رهەندەکانی ئەخلاق شارەزا بین و هەموو شتێک نەبەستینەوە بە رەسەنایەتی دین و داب و نەریت، ئەوە بێ گومان هیچ کەس و لایەنێک هەوڵنادات بەرانبەرەکەی بە شێوەیەکی نائەخلاقی لەکردار بکات، هەر ئەمەشە وای کرد کە ئەو پرسیارە ڕیشەییە بێتە ئاراوە کە بۆچی پێویستە شارازایی فەلسەفەی مۆڕاڵ بین کردارەکانمان لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئەخلاق بێت؟ ووڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە کە فەلسەفەی مۆڕاڵ دەتوانێ تێفکرینی ئێمە لەبارەی مەسەلە بنچینەییەکانی ژیان بەتەواوەتی بگۆڕێت و بە وورد بونەوەیەکی زیاترەوە ڕووبەڕووی مەسەلەکانی ژیان ببینەوە. هه ڵبەتە ئەگەر بێت و بەنرخ و سوودە زانستیەکانی ئەم فەلسەفەیەلە بەر چاو نەگرین، ئیتر ناتوانین کەسێکی تێگەیشتوو بدۆزینەوە.
کاتێک قوناغەکانی گەشەی ئەقڵی و زیهنی وردە وردە تێدەپەڕێنین، گەورەکان (باوان، مامۆستایان، دۆستان و کۆمەڵگا)مان چاک و خراپی کارەکانمان بۆ دیاری دەکەن و پێمان دە ڵێن چی بکەین و چی نەکەین؟ لە کۆتایدا دەبێ ئەم بەها کۆمە ڵایە تیانە ڕیز بەندی بکەین و باوەڕەکانمان لە م بە ستێنەدا نەش و نما پێبدەین.بەڵام چۆن دەتوانین ئەم کارە بەباشترین و ژیرانەتر ئە نجام بدەین؟ ووڵامی ئەم پرسیارە تەوەری سەرەکی فەلسەفەی مۆڕاڵە. بەم شێوەیە فەلسەفەی مۆڕاڵ فێری ئەوەمان دەکات چۆن بە باشترین شێوە بیر لە مەسەلە مۆڕاڵیەکان بکەینەوە. بەو مانایەی کاتێک بڕیارێکی مۆڕاڵی دەدەین، بەشێوەیەکی ناڕاستەو خۆ ڕێبازە مۆڕاڵیەکانمان لە بەر چاو گرتووە. بێ گوێدانە ئەو ڕێبازە باشە یان خراپە، بتوانرێ پاساوی بۆ بهێنرێتەوە یان نەتوانرێ، گۆشە نیگایەکی فکری و کردەیمان دەخاتە بەر دەست. لە لایەکی تریشەوە فەلسەفەی مۆڕاڵ دەتوانێت شێوازی تێڕامانمان باش و گونجاو تر بکات و ئاستی بیر کردنەوەمان لە مەڕ بابەتە مۆڕاڵیەکان فراوان بکات.
لە کۆتایدا دەتوانین بڵێین مەبەست لە خوێندن و شارازابوونی فەلسەفەی مۆڕاڵ وورد بینی کردنی پڕۆسە گشتیەکانی بیر کردنەوەیە. لە ئان و ساتی فە لسەفە کاریدا. وە فێر دەبین چۆن لەبارەی مە سەلە بنچینەییەکانەوە زۆر بەووردی بیر بکەینەوە، تێڕامانە جیاوازەکانیش هه ست پێبکەین و هەڵیان سەنگێنین. ههروەها بیرکردنەوەمان بە ڕۆشنی دەر ببڕین و بە ووردی بەڵگە کاری ئەنجام بدەین.
Post Views:
0