Skip to content
نووسين:
سهركهوت رِسوڵ حسن
سەرکەوت ڕسوڵ حسن
هیمداد محمود حمەصالح
هەموومان دەزانین کە کوردستان دەرگیری چەندین کێشەو گرفتی مۆڕاڵی و پەروەردەیی و کلتووری و سیاسی و تا دوایی بووە، ڕیشەی ئەم گرفتانە فرە ڕەهەندو قوڵن. هەر کەس و لایەنێک لە ئایدۆلۆژیاو تێڕوانینی خۆیەوە پەیوەست بەو تێگەیشەنەی خۆی لە کێشەکان شیکاری و ڕێگە چارە پێشنیار دەکات، کە ئەم بابەتە پرسی ئەم نووسینە نییە، بەڵکو ئەم نووسینە دەیەوێت ئاست و ڕۆڵ و پێگەی زانکۆ لەم دۆخەدا بێنێتە بەر باس و زانکۆ ئەرکدار بکات بە ڕۆڵێک کە دەتوانێ بیگێڕێت. واتە ئەم نووسینە نایەوێت سەرجەم ئەرک و ڕۆڵەکانی زانکۆ بخاتە بەرباس و پێمان بڵێت کە زانکۆ گەرەکە چیبکات، بەڵکو پێمان دەڵێت کە زانکۆ لە ئێستاداو بەو ئیمکانیاتەی لەبەر دەست دایە گەرەکە چی بکات. ئێمە دەزانین کەزانکۆ ئەرک و ڕۆڵی گەورەتر و فەرە لایەن ترە، بەڵام نامانەوێت لە شتێک بدوێین کە لە ئێستادا زانکۆ بەو هەلومەرجەی کە تێیکەوتووە ناکارێ لایان لێبکاتەوە. ئەو فێرخوازانەی دێنە زانکۆ بەو ئامانج و هیوایەوە دێن کە دوا جار بڕوانامەکانیان بژێوی ژیانیان مسۆگەر بکات، بەڵام گرفت و قەیرانەکانی ئەم دوایە پێیان گوتین نە بڕوانامە ئەمەی پێ دەکرێت و نەزانکۆش دەتوانێ بڕوانامەیەکی هێندە بەهادار بداتە فێرخوازان کە ئیدی تەنها بە بڕوانامەکانیان لە لێهاتوویی و کارامەییان دڵنیا بین. ئەمە گرفتێکە زانکۆ لێی بەرپرسە، بەڵام بە تەنها زانکۆ لێی بەرپرس نیە، بەڵکو ڕیشەی کێشەکە پەیوەستە بەسیستەمی بەڕێوبردن و دەسەڵاتدارییەتی لە هەرێمی کوردستاندا. کەواتە لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە، ئایا زانکۆ لە ئێستادا دەتوانێ چی بکات؟ ئەرکی چییە؟ چۆن دەتوانێ لە گرفت و کێشەکان نزیک بێتەوە؟
زانکۆ بەو دیسپلین و پڕۆگرامی خوێندنەی کە ئێستا هەیەتی ناتوانێ بەژدار بێت لەچارەسەری و شیکارکردنی ئەو گرفتە قوڵەی کە فێر خواز لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێتە زانکۆ و لە زانکۆشدا لەگەڵی دەژی، گرفتی ناهۆشیاری و نائاگایی فێرخواز کێشەیەکی قوڵی زانکۆکانی ئێمەیەو پەیوەستە بەسیستەمی پەروەردەی سەرەتایی و ناوەندییەوە، کە فێرخواز تێیاندا ئاشنا نیە بە ئەلف و بێی زانست و فەلسەفە و مۆڕاڵ و بابەتە گرنگ و دەست لێبەرنەدراوەکانەوە بۆ هەر فێرخوازێک کە دێتە ناو زانکۆ. ئەمە گرفتێکە زانکۆکانمان چەندین ساڵە دەست و پەنجەیان لەگەڵ نەرم کردووە، بەڵام سەرباری ئەوە نەیان توانیووە لە ڕێگەی شیکاریەکی دروستەوە چارەسەرێکی گونجاو و ئانی بۆ کێشەکان بخەنە ڕوو و کاری لەسەر بکەن. هەروەها زانکۆکان بتوانن لانی کەمی بەئاگا هێنانەوە و هۆشیاری لەم فێر خوازانەدا بچێنن، کە لە زانکۆ بە بڕوانامەیەکی ئاست نزمەوە دەردەچن.
زانکۆ پێوستە سەرباری هەموو نەنگیەکانی توانای ئەوەی هەبێت کە فێرخوازی زانکۆ سەبارەت بە دەوروبەروو و ژینگەو مۆڕاڵ و مامەڵەکردن لە تەک ئەوانی تردا بە ئاگا بهێنێتەوە. ئەمەش لە ڕێگای دەستکاریکردنی پڕۆگرامی خوێندن و میتۆدی وانەگوتنەوە و چاودێری وانەبێژان و بەرزکردنەوەی ئاستیان بە ڕێگەیەکی کارا، نەک ئەو سیستەمی فیدباکەی کەخۆی بۆتە بەشێک لە گەندەڵی و برەودان بەناکارایی و نادڵسۆزی وانەبێژانی زانکۆ. گەرەکە فێرواز بەلانی کەمی هۆشیاری و ئاگایی لە زانکۆ دەربچێت و کەسیەتیەکی ڕۆشنگەری نێو کۆمەڵگا بێت. لێرەدا دەمانەوێت چەند تایبەت مەندیەکی کەسیەتی هۆشکراوە و ڕۆشنگەر بخەینە ڕوو، کەزانکۆ دەبێت لە هەوڵی بنیاتنانیدا هەموو توانستەکانی خۆی بێ سڵەمینەوە بخاتە خزمەتی. بۆیە هەمیشە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی زانکۆ و مامۆستاکان، سەیری ئاستی فێرخوازەکان بکەن، کە ئایا دوای دەرچوون و بڕوانامەپێدانیان توانیویانە ئەو تایبەتمەندیانە لە ناخ و هزری فێرخوازدا بچێنێت؟
ـــ پێویستە دەرچووی زانکۆ کەسیەتیەکی گەش بین و باوەڕ بەخۆ بێت، بەوەی کە توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی و کەسانی تری هەیە.
ــــ پێویستە دەرچووی زانکۆ باوەڕی بە یەکسانی و بەرابەری ڕەگەزی هەبێت، خۆی لە ژن بەگەورەتر نەزانیت و خۆی لە پیاو بەکەمتر نەبینێ. دەبێت دەرچووی زانکۆ ئاشنایەتیەکی تەواوی لەسەر ڕاسیزم و هەڵاواردنی ڕەگەزی هەبێت. دروست دەربارەی سێکسیزم و ئاریشەکانی ڕەگەزی مێ بیربکاتەوە و تێبگات کۆمەڵگای هاوچەرخ لە ساتەوەختی تێپەڕاندنی باوکسالاریدا دەژی.
ــــ گەرەکە دەرچووی زانکۆ لە ڕەهەندەکانی پێکەوەژیان و قبوڵکردنی ئەوانیتر تێبگات و باوەڕی ئەوەی لا گەڵاڵە بووبێ کەکۆمەڵگای نوێ خوازیاری پێکەوەژیان و هەڵکردنە لەگەڵ جیاوازیەکاندا، نەک لە قاڵب دان و دڕدۆنگی.
ــــ دەرچووی زانکۆ وای لێ چاوەڕوان دەکرێت ئاشتیخواز و ئارام بێت، لەداخوازیەکانی ئەوی تر ترس و سڵەمینەوەی نەبێت و وەک مەترسی لە سەر بیروباوەڕی خۆی نەیان بینێت، هەروەها لەگوتنی ئایدیا و تێڕوانینەکانی نەترسێت و خۆی وەک مەترسی لە سەر ئەوانیتر نەبینێت.
ــــ پێویستە دەرچووی زانکۆ هۆشیارانە هەڵچوون و داچوونە سۆزەکیەکانی کۆنتڕۆڵ بکات و دەربارەی تێڕوانینی ئەوانی دیکەش بەئاگا بێت، ئەوانی دیکە وەک تەواو کەر نەک وەک دژ ببینێت.
ــــ نابێ دەرچووی زانکۆ خوودگەرایانە خۆی لە سەنتەری بەرژەوەندیەکانەوە ببینێتەوە، چونکە ئەو کات هەست بەتەنیایی و دوورەپەرێزی دەکات، بەڵکو پێوستە تاکگەرایانە لەگەڵ ئەوانی دیکەدا خۆی گرێدراو ببینێت، جا چ مرۆڤانی دیکە بن یان ئاژەڵ و ژینگە.
ــــ پێوستە دەرچووی زانکۆ توانستی تێگەیشتن و بەرخوردی کێشەو گرفت وئەرگومێنتەکانی دەورو بەروو بابەتە زانستیەکانی هەبێت. هەروەها لەوە تێبگات چۆن نائاگایی و نەزانین دەبێتە هۆی ئەوەی گرفتەکانمان زیاتر بن، بەڵام توانستی تێگەیشتن و بەردەوامی لێکوڵینەوە دەتوانێت دواجار چارەسەریەکانمان بۆ واڵا بکات.
ــــ پێویستە فێرخوازی زانکۆ ئەو تێگەیشتنەی لا گەڵاڵە بکرێت کە هەمووان وەک ئەو بیر ناکەنەوە و ناشکرێت هەموو وەک ئەو بیربکەنەوە، هەر بۆیە سەرچاوەی بڕیارە ئەخلاقیەکان ناشێت تەنها لە ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراوەوە هەڵبهێنجرێت.
ــــ پێویستە لە ڕێگەی خولی بەهێز کردن و ڕاهێنانەوە مامۆستایانی زانکۆ هۆشیاری ئەوەیان لا دروست بکرێت کە نەبنە بەشێک لە کێشە وگرفتەکانی فێرخوازان و قوڵکردنەوەیان، واتە لەوە بەئاگا بن کە ئەم گرفتانە دەرهاویشتەی ئ ئاسایین پەیوەستن بەهەر ژینگەیەکەوە کە کۆمەڵێک کەسی جیاواز و نائاشنا تیایدا تێکەڵ بەیەکتری دەبن هەر بۆیە ئەوان دەبێ بێلایەنی خۆیان بپارێزن و ڕۆڵی ڕێنماییکەر بۆ چارەسەری گرفتەکان بگێڕن، نەک ببنە بەشێک لەگرفتەکان. واتە مامۆستایان بەڕۆڵی خۆیان دەبێت ببنە سامپڵێک بۆ هەڵکردن لەگەڵ کێشە و پێشنیارکردنی چارەسەر. لێرەدا فێرخواز ئاسۆیەک بۆ چاولێکردن و پەیڕەوکردن دەدۆزێتەوە و توانستی چارەسەری گرفتەکان لەلای چەکەرە دەکات، لە داهاتووشدا دەتوانێت لەو ژینگە تازەیەی بۆی دەچێت توانای بێلایەنی و هەڵکردن لەگەڵ گرفتەکان پەیدابکات.
ئەمانە بەشێک بوون لەو تایبەتمەندیانەی کە ئێمە بەگرنگمان زانی و پێشمان وایە دەکرێت زانکۆ بەبێ تێچوونی ماددی و تەنها له ڕێگەی خەمخۆری و بیرکردنەوەوە دەستیان بۆ بەرێت، ئەگەر نا دڵنیاین لەوەی کە گرفتی زۆر قوڵتر و بنەماییتر هەیە کە دەکرێت هەڵوەستەیان لە سەر بکرێت، بەڵام ڕەنگە لەم بارودۆخەدا نەشیاوی جێبەجێکردن بن بەو توانستەی کە ئێستا زانکۆ هەیەتی.
Post Views:
0